زەنوبیا شاژنی تەدمور کێ بوو؟
ژن 19/10/2021
هاوژین زیبا
کە چاو بە مێژوودا دەخشێنینەوە، زیاد لە هەر شتێک بەر
ململانێکان دەکەوین: ململانێی چینەکان، ململانێی شارستانیەتەکان، ململانێی نەتەوە
و ئایینەکان و هتد، کە چەق و بزوێنەری هەموویان هێزە؛ وەک بڵێی مێژوو تەنها گێڕانەوەی
حەکایەتی ئەوانەیە کە هێز و دەسەڵاتیان بەدەستبووە، بۆیە لەناو مێژوودا کەمترین
کات بەر ئەو کەسایەتی و ڕووداو و چیرۆکانە دەکەوین کە ژیانێکی ئاساییان بەڕێکردووە
یان لە پەراوێزی هێز و دەسەڵاتدا بوون. بە پاڵ چینی ژێردەستەوە، ژن یەکێکە لە دیارترین
پەراوێزخراوەکانی نێو مێژوو. لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات زۆرینەیجار لەلای پیاوان
بووە و قەڵەمڕەوییەکانی نێو مێژوو قەڵەمڕەویی پیاوسالارانە بوون، بۆیە لەناو مێژوودا
کەمترین چیرۆکی ژنانە دەبینین، مێژوو نەیپەرژاوەتە سەر چەندین داستانی ژنانە، چونکە
داستانەکان لە پەراوێزی دەسەڵاتدا بوون. داستانەکانی ژنان داستانی پاڵەوانیەتی و
داستانی ئازایەتین، داستانی دایکایەتی و مرۆڤایەتین، داستانی ژیانەوە و داهێنان و
ئاشتین، بەڵام لەبەرئەوەی لەناو ماڵەکاندا بوون نەک لەناو کۆشکەکان، لەبەرئەوەی لەسەر
کار و لەسەر کانی و لە پەراوێزە ژیندۆستیەکاندا بوون نەک لە بەرەی جەنگ و چەقەکانی
دەسەڵات، بۆیە نەگێڕدراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو چەندین داستانی مەزنی نەگێڕدراوەی
ژناندا، چاوی مێژوو کەوتۆتە سەر چەند داستانێکی ژنانە، ئەویش لەبەرئەوەی ئەو ژنانە
دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست. یەکێک لەو ژنە ئازا و دانایانەی چاوی مێژووی کەوتۆتەسەر، زەنوبیایە.
زەنوبیا شاژنی تەدمور (سوریای ئێستا) بووە، هاوشان لەگەڵ
مێردەکەی یاخیبوونێکیان لەدژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ئەنجامداوە و سوریای ئێستایان
خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بە جوانی و بوێری ناوبانگی دەرکردووە. لەپاش مێردەکەی
بۆتە شاژنی تەدمور و ڕۆمانیای ڕۆژهەڵات، پاشان لەشکرکێشی کردۆتە سەر ئاسیای ناوەڕاست
و میسر و خاکێکی زۆری خستۆتە نێو قەڵەمڕویی شانشینییەکەی خۆیەوە.
زەنوبیا لە مێژوودا بەوە ناوبانگی دەرکردووە شاژنێک بووە
کە ئیمپراتۆریەت و شانشینەکانی دەوروبەری شانشینیەکەی خۆی خستۆتە لەرزەوە. پاشئەوەی
مێردەکەی بەهۆی ململانێی خێزانییەوە و لەسەر دەستی برازاکەی دەکوژرێت، دەسەڵاتی تەدمور
دەگرێتەدەست، ئەوجا سەرباری ئەوەی دایکی منداڵێکی ساوایە، تەدمور لە شارێکەوە دەگۆڕێت
بۆ ئیمپراتۆریەتێک کە هەڕەشە دەکاتە سەر شانشینیەکانی چواردەور و دەبێتە تاکە شاژن
کە عەرشی ڕۆما دەهەژێنێت.
قەڵەمڕەویی ئیمپراتۆریەتەکەی زەنوبیا میسریشی گرتەخۆی و
بەشێک لە خاکی ڕۆمایشی بۆخۆی دادڕی. جێدەستی ئەم ژنە بوونە میراتێکی هونەری و مێژوویی
بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ئاسەواری شانشینیەکەشی کە هەتا پێش هاتنی داعش بەسەر خاکی سوریادا
ڕووەو ئاسمان هەڵکشابوون، سەلمێنەری ئەوەبوون شەیدایی و دانایی ژن بە ئاسۆیەک دەگات
کە پیاو خەیاڵیشی پێوە نەکردووە. لێ، ئاسەواری ئەو شانشینییە و پاشماوەی ئەو
تالارسازییەی زەنوبیا خستیە سەر پێ، کە ئەنتیکەیەکی جوانیناسانە و بەرەبەیانی هێزی
سیاسیی ژنانە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر دەستی خەلافەتی داعش لە سوریا تێکشکێنرا،
وەکو وابێت ئەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاریی لەسەروەختی خۆیدا پێی نەوێرا، ئەمڕۆ داعش وەک
نوێنەرێکی بەئەمەکی پیاوسالاری و تاریکبینی تۆڵەی لێکردبێتەوە.
زەنوبیا چ لە ڕووی حوکمڕانی و سیاسەتکردنەوە، چ لە ڕووی
سەربازی و پلاندانانەوە، چ لە ڕووی تەلارسازییەوە بلیمەتێکی کەموێنە بووە. جگەلەوەی
لەناوخۆدا حوکمڕانییەکی باش و مرۆڤانەی پەیڕەوکردووە، لەگەڵ دەسەڵاتەکانی چواردەوریشیدا
سیاسەتێکی ژیرانەی گرتۆتەبەر و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێی لە چاوتێبڕینی دەسەڵاتی ڕۆمانیەکان
و ساسانیەکان گرتووە. هەرچی لەباری تەلارسازییەوەیە، بایەخی زۆری بە دروستکردنی پایە
و تەلار و ستادیۆم داوە شوورایەکی دوور و درێژی بە دەوری شانشینیەکەدا کێشاوە.
زۆرن ئەو ژنانەی وەک زەنوبیا دەیانتوانی ببنە ئەستێرەیەکی
درەوشاوەی نێو مێژووی مرۆڤایەتی و ئەزموون و مۆدێلێکی پڕشکۆی حوکمڕانی پێشکەش بکەن،
بەڵام بەهۆی باڵادەستیی دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە دەرفەتیان بۆ نەهاتۆتە پێش. لێ زەنوبیا،
درز و داڵانێکی نێو مێژووی دەسەڵاتی پیاوسالارییە، ئاوەژووکردنەوەی مێژووە و مێژوویەکی
ڕووناکە لەنێو مێژوویەکی تاریکدا، لەوەش زیاتر دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە توانای
ژنان بە ڕادەی توانای پیاوان نییە، بگرە زیاترە و جوانیناسانەترە.
بۆ نوسینی ئەم بابەتە سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
من هي زنوبيا؟ موقع الفجر
https://www.elfagr.org/2830248