تریفە عەلی: قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵی هۆکاری گرنگە بۆ توندوتیژی لە گەورەبووندا
چاودێر – ڕاپۆرت
لە درێژەی کۆڕ و چالاکییەکان پلاتفۆڕمی
دابڕاندا، ئێوارەی شەممە کۆڕێکی بۆ تریفە عەلی، لێکۆڵەر و سایکۆلۆجیست لەژێر ناونیشانی
"توندوتیژی و کاریگەرییە دەرونییەکان" لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە
ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕێک خست.
لە سەرەتادا تریفە عەلی ڕایگەیاند کە
توندوتیژی پرسێکی جیهانی و سێنتڕاڵە و لە سەرانسەری گۆی زەویدا بوونی هەیە.
ناوبراو پرسی توندوتیژی لەسەر دوو ئاست دابەش کرد و قسەی لەسەر کرد. ئەوانیش: یەکەم/
توندوتیژییەک کە ئەنجامدەرانی دووچاری یەکێک لە نەخۆشییە دەرونییەکانن. دووەم/
توندوتیژییەک کە ئەنجامدەرانی هەڵگری هیچ نەخۆشییەکی دەرونی نین.
ئەو سایکۆلۆجیستە پێی وابوو لە قۆناغی یەکەمدا
و بە پێی زۆینەی لێکۆڵینەوەی زانایانی دەرونناسی، ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن
دووچار و گیرۆدەی نەخۆشییەکی دەرونین. ئەوەشی وت کە کەسێک نەخۆشیی دەرونی نەبێت
توندوتیژی ئەنجام نادات.
وتیشی: "لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلەمێنن
گەشە و ژینگەی کۆمەڵایەتیی تاکەکان زۆر گرنگە بۆ وردبوونەوە لە کەسایەتیی توندوتیژ
و ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن. وەک چۆن قسەکردن لەسە قۆناغەکانی گەشەکردنی
منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست یان ناتەندروست کاریگەریی گەورەی لەسەر تاکەکان دەبێت و
لە پرسی توندوتیژیدا زۆر بایەخی پێ دەدرێت."
تریفە عەلی قۆناغی دووەمی لەژێر ڕۆشنایی
نەزەرییەکانی گۆتمانی زانای دەرونناسی شی کردەوە. وە قۆناغەکە بریتییە لە قسەکردن
و دەمەبۆڵەی ڕۆژانەی ژن و مێرد کە توندوتیژییەکە لە ئاستی قسەکردندا دەمێنێتەوە.
بە بڕوای گۆتمان، قسەکردن و گوێلەیەکگرتن
و متمانە هۆکارن بۆ دروستبوونی خێزانی بەختەوەر.
وتیشی: "گۆتمان پێی وایە چوار هۆکار
هەیە بۆ ئەوەی دەری بخات ئەو خێزانە بەختەوەرن یان نابەختەوەر، ئەوانیش: ڕەخنەگرتنی
بەردەوام لە هەرشتێک. پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەکردن. بە بەردبوون و گوێ لە یەک نەگرتن.
چونکە هەر خێزانێک چوار بنەمایەی تێدا بوو بەختەوەر نییە و توندوتیژی تیایدا ڕوو دەدات."
ئەو لێکۆڵەرە بۆ هەر یەکێک لەو پرسانە
نموونەی بەرجەستە و وردی هێنایەوە و لە کۆتاییشدا لە لایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی
ورد لەو بارەیەوە کرا.