زیاتر لە دوو ملیار دۆلاری بردراوی عێراق دەگەڕێندرێتەوە

عێراق 15/10/2021

چاودێر

 

دەستەی دەستپاکی بڕی ئەو پارانەی ئاشکرا کرد کە بە دزی و بردن لە عێراق براونەتە دەرەوە یان لە ناوخۆی وڵاتدا بوون زیاتر لە دوو ملیار دۆلاریش بڕیاری گەڕاندنەوەی دراوە.  


موعتەز عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی پارەكان لە دەستەی دەستپاكیی عێراق، ڕایگەیاند: كۆی ئەو پارە براو و دزراوانەی تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ گەڕێندراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت پێک هاتووە لە یەك ملیار و ٤١٧ ملیۆن و ٩٨٤ هەزار دۆلار و ٣٣ ملیۆن و ٥٨٢ هەزار و ٧٢٥ یۆرۆ، دوو ملیۆن و ٣٢٩ هەزار و ٥٢١ پاوەنی بەریتانی، ٩٥١ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن و ٢٦٣ هەزار دیناری عێراقی و ٧٢٠ هەزار و ٥٢٩ دیناری ئوردنی و سێ هەزار و ٦٥٢ فرەنكی سویسری بووە.


ئەو بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، دەستەی دەستپاكی دەستی گرتووە بەسەر ١٤ خانوبەرە و پێنج پشكی كۆمپانیای جۆراوجۆردا.


عەباسی وتوشیەتی: چوار ملیۆن و ١٧٠ هەزار دۆلاری دیکە لە دەرەوەی وڵات دەستی بەسەردا گیراوە و چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیانین و كۆی ئەو پارانەش كە بڕیاری گەڕاندنەوەیان دراوە، دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە.