یەكەم بەرپرسی گۆڕان لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی ئامادەی دەستلەكاركێشانەوەیە

کوردستان 14/10/2021

چاودێر
دوای شكستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەدەست نەهێنانی هیچ كورسیەك لەهەڵبژاردنی 10ی مانگ، بەم زووانە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و چەند بڕیارێك دەدات و یەكەم بەرپرسی بزووتنەوەكەش، ئامادەی خۆی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لەپۆستە حكومیەكەی ئاشكراكرد.
شوناس شێركۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان، رایگەیاند: دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، كە رێكخەری گشتییش ئەندامی خانەكە بوو، دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی حیزبەكە دروست دەكرێت و بەم زووانە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، كۆدەبێتەوە و چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات.
وتیشی، " رای زۆرینە ئەوەیە، كە هەیكەلی گۆڕان وەكو خۆی بمێنێتەوە و لەسەر وەسێتی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشوو، خانەی راپەڕاندن لەدەستەیەك لەگەنج و پیر دروست دەكرێت ".
پەیوەست بە گرفتەكانی نێوخۆی گۆڕان، د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەری گشتی تەندروستی سلێمانی كەلە پشكی گۆڕانە لەحكومەتی خۆجێی سلێمانی، رایگەیاند: وەك یەكەم كەس لە پۆستی حكومەتی خۆجێی سلێمانی لەبزووتنەوەی گۆڕان ئامادەم دەست لەكار بكێشمەوە و  سەبەرزیشم كە لەرێبازی كاك نەوشیروان لام نەداوە و درێژە پێدەری ئەو هەنگاو رێبازەشم بۆ هەستانەوە و درێژە پێدان.
ئەوەشی خستەڕوو، " پۆستەكەی بۆ موزایەدە و خۆ دەرخستن نیە، بەڵكو لە دڵسۆزی و پیرۆزی رێبازەكەیە ".
بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و لەهاوپەیمانییەكی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی كوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی كردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم، رێكخەری گشتی و  ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند لە نزیكترین كاتدا دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكە پێكدێنن، دوای ئەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەستبێنێت.
بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانە لەنێوان دوو كۆبوونەوەدا.