گۆڕان، ئالودەی سێبەر

کوردستان 14/10/2021

عەزیز ڕەئووف

یەکەم: کێشەی گۆڕان ڕێکخەر و خانە نین، بەڵکو کێشەی سێبەرەی گۆڕانە کە کوڕانی کاک نەوشیروانن. دەزانین بڕیارەکان لای ئەوانەوە بو و خانە و ڕێکخەر جێبەجێیان دەکرد.
دووەم: هەمووشت لەم وڵاتە بە سەروەری پیشان دەدرێ. دەسکەوت نیە کە خانە و ڕێکخەر دەست لەکار دەکێشنەوە، دەبوو لێیان بپرسیت: ئێوە سیاسەتتان کردوە چۆن نەتانزانیوە وەزعی بزوتنەوەکەتان ئەوها خراپە؟ بەرپرسگەلێک ئەوەندە بێئاگا بێ لە بزوتنەوەکەی لەناو کۆمەڵگەدا، ئەسڵەن دەبێ ئاو و ئاو بچێت.
سێیەم: سەردانی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ لای برادەرانی گۆڕان و دەرکردنی بەیانێک کە دەڵێ ئێمە لەگەڵ گۆڕاندا شان دەدەینە بەر ئەم دۆخە، سەلمێنەری ئەوەیە کە نیەتی گۆڕان بۆ مانەوە لەم بازنەیەدا نیەتێکی باش نیە.
چوارەم: دەبوو پێش هەر قسەکردنێک یەکسەر گۆڕان لە حکومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەکان بکشانایەتەوە، چونکە ئەسڵەن خەڵک بۆیە لەگۆڕانەوە نزیک بوو چونکە دژە سیستەم بوو. نازانم ئەو برادەرانەی ناو حکومەت چۆن لەڕوویان دێت دوای ئەم شکستە گەورەیە لەسەر کورسییەکانیان دابنیشن. نەکشانەوەی گۆڕان لە حکومەت نیەتێکی خراپی ئەم هێزەیە بۆ مانەوە لەناو دەسەڵات و درێژەدان بەم دۆخەی ئێستای.
پێنجەم: وامزانی دوای ئەم شکستە پەیوەندی دەکەن بە هەڵسوڕاوە نیگەرانەکانیان و چاودێران و خەڵکی سەربەخۆ تا پرسیان پێ بکەن بزانن چی دەکەن، کەچی بە هەموو ئەوانەی گۆڕانیان بەم دەردە برد لە میدیاکانەوە خەریکی پاکانەن. دوێنێ لە ڕادیۆی گۆڕانەوە هەڵسوڕاوێکی گۆڕان دەیگوت: ئێمە لەبەرنامه‌ی گۆڕان لامان نەداوە، ئەوە خەڵکە هوشیار نیە دەنگمان پێ نادا.
شەشەم: ئەمشەو لە کەناڵی کەی ئێن ئێن ئاری هەرسین ئەندامی سەرکردایەتی پارتیم بینی ستایشی گۆڕان و کاک نەوشیروانی دەکرد. تێر پێکەنیم.