ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکراکرا

کوردستان 13/10/2021

چاودێر

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی ئۆکتۆبەری 2021) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێم سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد و رایگه‌یاند، پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان كاربكه‌ن.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد، کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتووانە بەجێگەیاند لە رەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆک حكومه‌ت جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق بەیەکەوە یەکگرتووانە و بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی کاربکەن، لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دوور لە ململانێی ناوخۆیی، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی و رەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

مه‌سرور بارزانی، ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە. کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە رێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

پاشان "کەمال ئەتروشی"، وەزیری سامانە سروشتییەکان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتێکی پێشکەش کرد، كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون "عەبدولحەکیم خەسرەو"، راپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین راسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەپێناو  بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی هەر یەک لە "فەرسەت ئەحمەد"، وەزیری داد، "ڤالا فەرید"، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف وشایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.