ڕاوێژکارێکی حکومەتی هەرێم: شەرعیەت بەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن نادەین

کوردستان 13/10/2021

چاودێر:

 

ڕێبوار تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت” سەرەڕای ئەو بارودۆخەی لەو ناوچانە بەتایبەت کەرکوک هەبوون بەڵام لایەنە کوردییەکان توانییان دەنگێکی باشی ئەو ناوچانە بەدەست بهێنن زیاتر لە هەموو پێکهاتەکانی تر کە ئەمەش جێی دڵخۆشییە و سەرکەوتنە بۆ هەموو میللەتی کورد”

ڕێبوار تاڵەبانی کە پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت” ئێمە شەرعیەت بەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن نادەین، چونکە ئەو ئەنجامانە دەنگی ڕاستەقینەی کورد نیە، دەنگی ڕاستەقینەی کورد لەوە زیاترە.”

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 کە کاندیدە کوردەکان بەڵێنییان بە خەڵکی کوردی ئەو ناوچانە دابوو، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدوری دەزانێت لەم خولەدا هاوشێوەی چوار خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بتوانرێت ماددەی 140 جێبەجێبکرێت چونکە هەمان عەقڵییەت لە عێراق بوونی هەیە.”

دەربارەی کەمی ڕێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، ڕێبوار تاڵەبانی وتی” خەڵک بەگشتی بڕوای بەهەڵبژاردن نەماوە، بڕوای بەو سیستمە نەماوە کە لەدوای 2003 وە دروستبووە.”

 

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، لایەنە کوردییەکانی کەرکوک شەش کورسی ئەو پارێزگایەیان بردووە، سێ کورسی بۆ هاوپەیمانی کوردستان، دوو کورسیش بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها کاندیدەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێش کورسییەکی بردووە.

ڕێبوار تاڵەبانی باس لەوەدەکات، ئەگەر کورد هەماهەنگ بووایە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکان ئەوا دەیانتوانی 8-10 کورسی لەو ناوچانە بهێنێت، لەو ڕووەوە ڕێبوار تاڵەبانی دەڵێت” ئەگەر لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک هەماهەنگ بوونایە دەیانتوانی بەلانی کەم 8 یا بە ئەگەری زۆر 10 کورسی.”