پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دواخرا

کوردستان 13/10/2021

چاودێر:

دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کاتی بەڕێوەچوونی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دوادەخەن.

دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و نوسیویانە،  لە بەرامبەر خەمساردی  ھەندێک کەس و لایەن و بێباکییان بەرامبەر راگەیەنراو و بەرنامەکانی دەزگاکەیان ئەم روونکردنەوەیە بڵاودەکەنەوە.

ئەوەشیان نوسیوە، لە ٣٠/٨/٢٠٢١ دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، کە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕێکەوتی ١١/١١/٢٠٢١ سازدەکرێت ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

ئاماژەیان بەئەوەشداوە، دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندراوەکەی ئێمەدا، فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک ڕایانگەیاند کە لەهەمان ڕێکەوتدا فێستیڤاڵ سازدەدەن، ئەمەش بۆ ئێمە هەواڵێکی پڕ لەسەرسوڕمان بوو کە بەداخەوە دوو فێستیڤاڵ لە یەک کاتدا جۆرێک لەشپرزەیی ھونەری و دابەشکاری لەنێوان بینەر و ھونەرمەندەکاندا دروست دەکات، کە ھەردوولا ئامانجمانە زۆرترین بینەر و بەشداربوومان ھەبێت و میوانداری بکەین.

وتوشیانە: ھەربۆیە لەپای هەستکردنمان بەبەرپرسیارێتی وەک دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بڕیارماندا بەگۆڕینی وادەی سازدانی فێستیڤاڵەکە لە ١١/١١/٢٠٢١ ەوە بۆ  ١٧/١٢/٢٠٢١ .
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، هونەرمەندان و هونەردۆستان دڵنیادەکەنەوە، لە ئامادەسازیداین بۆ خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە شێوەیەکی زۆر گەورەتر و شایستەتر لە ساڵانی ڕابردوو.