لە بەغدا چی ڕوویدا..؟

کوردستان 13/10/2021


زیاد بوونی کورسییەکانی مالیکی و حەشدییەکان هەروەها کەمبوونەوەی کورسییەکانی بەرەی سەدر بوو، چاوەڕواندەکرێت گۆڕانکاری زیاتر ڕووبدان لەکورسی ئەو لایەنانە.
عامریی و مالیکی دوای بەئاگاهاتنەوەیان لەبوونی ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا و دەستکەوتنی بەڵگە و دەنگی دزەپێکراو گەمەیەکی پەپەلەیان دەستپێکرد بەهەڕەشە کردن لە کۆمسیۆن و کازمی و هێز ناردنە چوار دەوری کۆمسیۆن دواجار ئەوانیش ئەنجامەکانیان گۆڕی.
سەرەتای گەمەکە نێودەڵەتییەکان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ زیاتر ڕووندەبێتەوە، بەڵام دەرکەوت کازمی پشتی لەسەدر کرد و لەبەر ژەوەندی ئێرانییەکان گەمەکەی گۆڕیی.
سەرکردەکانی حەشد کازمییان ورووژاند بەڵام لەهەستیارترین شوێنەوە کە ئەویش کەرکوکە، ئەویش بۆ هێنانەناوەی پارتی و بەرەی سەدر بۆ شەڕێکی بەوەکالەت کە عەڕابەکەی حەشد و ئێرانییەکانە و حزبێکی کوردیشی تێدایە لەو گەمەیە.
لەڕۆژانی داهاتوو چی ڕوو دەدات؟
چاوەڕواندەکرێت لە 48 کاتژمێری داهاتوو زۆر شت ڕونبێتەوە لەوانە چارەنووسی هەڵبژاردنەکان و چڕبوونەوەی ململانێکانی نێوان بەرەی سەدر کە لەپارتی و حەلبوسی پێکهاتووە لەگەڵ مالیکی و حەشدییەکان. بۆیە ململانێکان لە کەرکوکەوە بۆ ناوچەی سەوز دەگوازرێتەوە.
کۆتایی یارییەکە چی دەبێت؟
ئەم گۆڕانکارییانە بۆ ئەوەیە کە بەرەکەی مالیکی کە لەچەندین هاوپەیمانیی پێکدێن کورسییەکانیان لەبەرەی سەدر نزیک بکەنەوە بەوەش کەسیان نەتوانن حکومەت پێکبهێن.
بۆیە عێراق لەبەردەم دوو ئەگەردایە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان و ڕشتنی خوێن، یاخود دووبارە بوونەوەی سیناریۆکەی ئەو هەڵبژاردنەی کە عەللاوی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و مالیکی ڕێگەی نەدا حکومەت پێکبهێنێت.
ئێستاش ئەو گۆڕانکارییانە کە عەڕابەکەی ئێرانە و یاریکەری سەرەکی گۆڕەپانەکەیە بەو ئاڕاستەیەن، کە نەیەڵێت لەکۆتاییدا سەدر لەگەڵ بەرەکەی کە ئیمارات، سعودییە و تورکیا پشتیوانییان دەکات حکومەت پێکبهێنێت و کەسێکی بێلایەن بکەنەوە سەرۆک وەزیران.
ئاوات خەیروڵڵا - ڕۆژنامەنووس