گۆڕان خۆی یەکلادەکاتەوە

کوردستان 12/10/2021

چاودێر:

بڕیارە سبەینێ چوار شەممە جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەى گۆڕان لەبارەى شکستە گەورەکەی هەڵبژاردنیان کۆببنەوە.

جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە و ڕاسپاردەکانی خۆی پێشکەش بە جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەکە کرد و بڕیارە سبەینێ لەسەر ئەو ڕاسپاردانە گفتوگۆ بکەن.

سبەینێ ڕۆژی یەکلاکەرەوەیە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بۆئەوەی بڕیار لەکشانەوەیان لەحکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان بدەن، یان خانەى ڕاپەڕاندن و جڤاتەکان هەڵبوەشێننەوە، یان هەر بڕیارێکی دیکە بدەن.

پاشئەوەی لەهەڵبژاردنی نیشتیمانیی عێراقدا بزووتنەوەی گۆڕان شکستیهێنا و هیچ کوردسییەکی نەبردەوە، ئێستا دۆخی گردەکە تێکچووە، هەریەکەو دەیەوێت بەرپرسیارێتی شکستەکە لەسەر شانی خۆی لابەرێت، بۆیە ڕایەکیش هەیە کە ئاشبەتاڵ بەبزووتنەوەکە بکەن.

لەئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیشتیمانیی عێراق دەرکەوت بزووتنەوەى گۆران هیچ کورسییەکی بۆخۆی نەبردووە، چونکە دەنگدەران سزای بزووتنەوەی گۆڕانیاندا، بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەکە پێچەوانەى دروشمەکانی پێشتریەوە کاری دەکرد.