وشیار عومەری گۆڕان.. پاداشتی جنێوەکانی وەرگرت!!

کوردستان 12/10/2021

 

بەشی توێژینەوەی چاودێر

لە چاودێردا، لە وەڵامی هێرشە ناوشیارییەکەی وشیار عومەردا، گوتمان بەو قسانە ناتوانێ سۆزی دەنگدەری گۆڕان، بۆ پەرلەمان دابین بکەی. هەبوون دەیان وت: وشیار بەو چەند وەڵامدانەوانە رەنگە دەربچێ. وشیار خۆشی لە دیدارەکەی بۆ وەڵامدانەوەی بەرێز مەلا بەختیار، مەبەستی بوو دەنگی گۆڕانە توڕەکان بەناوی بەرگری لە شادڕەوان نەوشیروان، کۆبکاتەوە. بەڵام وشیار بێ ئاگا بوو لەوەی لەڕووی دەرونیەوە، گۆڕانخوازەکان هاڕەیان کردبوو. بڕوایان بە گۆڕان نەمابوو. ئێستا، هەرچی بە وشیار و بە هاوپەیمانی و بە هەندێ کەس کرا، وشیار دەربچێ سودی نەبوو. وشیار کەمترین دەنگی هێنا. کە جاران گۆڕان لە گەڕەکێکی کەلار چەندبارە لەو دەنگەی وشیار زیاتری دەنگ دەهێنا.

لێرەشدا دەڵێین: ئەگەر ئەم وشیارە لە سیاسەتدا وشیار بوایە، دەبوایە بیزانیایە کە شەمەندەفەری دەنگدانی گۆڕان، تێپەڕیوە و تازە بە کەسانی وەکو وشیار، ناگەڕێتەوە. نەخوازەڵا بە جنێودانیش! پێشمان وایە، ئەگەر ئەم کاندیدە هێمن قسەی بکردایە.. بە ئارامی بەرگری لە نەوشیروان و گۆڕان بکردایە.. رەخنەی جوان جوانی بگرتایە، نەک زیاتر لە (٤٠) جنێو لە گرتەیەکی (٥) دەقەیی ڤیدیۆیدا، بەناوی بەرگری لە نەوشیروان بدات بە مەلا بەختیار. کاك وشیار: دڵنیابن، هەرچی شەڕە جنێو لە مێژووی گۆڕان ، خۆت و هاوجنێوبازەکانت داتان هێنا، گۆڕانتان سوك کرد و نەوشیروانیشتان دوچاری شەرمەزاری دونیا و قیامەت کرد. بە چاوی خۆشتان بینیتان، سیاسەتی جنێو، سیاسەتی بوختان، سیاسەتی گەلەکۆمەکی ناڕەوا لەبەرامبەر رەخنەی رەوادا، ئەنجامەکەی بە شکستی سیاسی و هەڵبژاردن دەچننەوە.

دڵنیاشبن، بەو سیاسەتانەی ڕابردووی گۆڕان، کە خەڵکی وەکو وشیار و ئەوانەی هەڵپەی دەسەڵات و دەستکەوت بوون، وایان لە گۆڕان کرد لە پەیامە راستەقینەکەی لابدات و ببێتە مۆڵگای جنێودان و بوختانکردن. تازە، گۆڕان متمانەیان لەدەستدا. هەرگیز لەخەویشدا، نابنەوە گۆڕانی جاران، بابگەڕێنەوە ماڵە گەورەکەی یەکێتی!!