شارەزایەكی كەشناسی: لەسبەینێوە باران بارین دەستپێدەكات

کوردستان 12/10/2021


چاودێر:
شارەزایەكی كەشناسی  ڕایدەگەيەنێت،لە ئەنجامی زیادبوونی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەكانمان، لەسبەینێوە باران بارین  لەهەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد ،سبەی چوارشەممە لە ئەنجامی زیادبوونی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەكانمان ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
دەشڵێت "لەهەندێك كات بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و لەكاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەرەكانی بارانبارین كراوە دەبێت بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بارانی تاو تاو بە روودانی هەورە تریشقە و زیادبوونی خێرایی با بەتایبەت لەناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و سنورە شاخاوییەكانی پارێزگاكەدا كاریگەری زیاتر ئەبێت".
لەبارەی پلەكانی گەرماش ئەو شارەزایە باسی لەوەكردوە "پلەكانی گەرما لە سنوری پارێزگای دهۆك بەهۆی كاریگەری بارانبارینەوە بە رێژەی ٤ تا ٦ پلە روو لەنزمبوونەوە دەكات بەڵام لەناوچەكانی دیكەی هەرێم بەهۆی لاوازی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆكە تەنها بەرێژەی ١ تا ٢ پلە نزمدەبنەوە.
رونیشیكردەوە "پلەكانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاكانی هەرێم (سلێمانی ٣٠ پلە، هەولێر ٢٩ پلە، دهۆك ٢٥ پلە، هەڵەبجە ٣٢ پلە، كەركوك ٣٣ پلە) لە ناوچەكانی گەرمیان پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و لەنێوان ٣٦ بۆ ٣٧ پلە دەبێت لەسنوری ئیدارەی راپەرین لەنێوان ٢٩ بۆ ٣٠ پلە دەبێت".
  ئاراس جەبار لەبارەی ئەگەری بارانبارین لەناوچەكانی دیكەی هەرێم ئەو شارەزای كەشناسییە دەڵێت "تا سنوری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاوییەكانی ئەگەری بارانبارین دەبێت بەرێژەی كەم و پچر پچر لەهەندێ كاتدا لەناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و كەركوك و ئیدارەی راپەرین كاریگەری لاوازتر دەبێتەوە لەهەندێ ناوچەدا لەوانەیە نمە باران هەبێت بەشێوەی كورتخایەن".

ئەو شارەزایە  ئەوەشی خستۆتەڕوو ، لەم جۆرە نزمە پاڵەپەستۆیەدا مەرج نیە لەهەموو ناوچەیەك بارانبارین هەبێت بەڵكو بەشێوەی هەرەمەكی هەور ئاسمانی لەناوچەكاندا چڕدەبێتەوە كە ئەمەش لەوانەیە لەكاتی چربوونەوەی هەورەكاندا گۆرانكاری بەسەردا بێتەوە كاریش بكاتە سەر بڕ و رێژەی بارانەكە و لە سنوری گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجەدا كاریگەری بەشێوەی باران نابێت و تەنها هەور لە ئاسمانی ناوچەكەدا ئەبینرێت".