پەرلەمانتارێك: دواخستنی داداگایكردنەكەی ئەمڕۆ درێژكردنەوە و بەردەوامی ستەمە بەرامبەر دەستگیركراوانی بادینان

کوردستان 12/10/2021


چاودێر:
ئەمڕۆ سێشەممە بڕیار بوو دادگایكردنی هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دەستگیرکراوى بادینان لەدادگای هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆجارێكی دیكە دادگایكردنەكە دواخرا، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت" دواخستنی داداگایكردنەكەی ئەمڕۆ درێژكردنەوە و بەردەوامی ستەمە بەرامبەر مامۆستا بەدەلی بەروارو هاورێكانی"

عومەر گوڵپی‌،ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، لەڕاگەیاندراوێكدائاماژەبەئەوەدەكات"  ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر ئامادەبووین، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دووەمی دادگایی هەریەكە لە بەڕێزان م.بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، دوو لە چالاكوانانی بادینان كە بە تۆمەتی ناڕەواو بێتاوان زیاتر لە چواردە مانگە لە زیندانن.

 وتیشی، دادگاییەكەی ئەمڕۆش بۆ جاری سێیەم دواخرا، بە پاساوی ئامادە نەبوونی داوەرو ڕۆژی ١٨ی ١٠ دەستنیشانكرا بۆ بەڕێوەچوون دادگایی.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت"، چیرۆكی بەڕێوەچوونی دادگایی یەكەمی م.بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی  جوامێرەبوو كە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١، بەڕێوەچوو، وەكخۆی دایدەنێمەوە"
ـ تۆمەتباران دوو جوامیری‌ بادینان، مامۆستا بەدەل بەرواری‌ كە پیشەكەی‌ مامۆستایەو كاك ئومێد بەرۆشكی‌، كە چالاكی‌ مەدەنیەو قوتابی‌ ئامادەییە، دانیشتوی‌ پارێزگای‌ دهۆك.
ـ تۆمەتەكان هەمان تۆمەت بوون، كاری‌ تێكدەران و دروستكردنی‌ گروپ‌و هەوڵدان بۆ تێكدانی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌ خەڵك‌و بەشداری‌ خۆپیشاندان و ناڕەزایی‌ و قسەكردن لەسەر گەندەڵی‌!
ـ سەرەتای‌ دانیشتنی‌ دادگا، پێنج دەقیقەی‌ وەستا، بەهۆی‌ هاوارو ناڵەی‌ ئازادی‌ ئازادی‌ كەس‌و كاری‌ دەستگیركراوانی‌ بادینان.
ـ پارێزەران داوایانە كرد، ئاسایش‌و نوێنەرەكەی‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایش لە هۆڵی‌ دادگا بچنە دەرەوە، چونكە ئەوان خۆیان سكاڵاكارن‌و لە زیندانی‌ خۆشیاندا بوون، داواكاری‌ گشتی‌ ئامادەیە لە بری‌ ئەوان‌و مافی‌ گشتی‌، بەڵام دادوەر داواكەی‌ ڕەتكردەوە.
ـ بە پێچەوانەی‌ یاساو هەموو مافێكی‌ تۆمەتبار، پاش یانزە مانگ لە زیندانی‌ لە نێو هۆڵی‌ دادگادا پارێزەریان بۆ دانرا.
ـ هەموو بەڵگەیەك هەواڵدەری‌ نهێنیە، بێ ناو، بێ ناونیشان، بێ ئامادەبوون، پارێزەران داوایان كرد هەواڵدەری‌ نهێنی‌ ئامادەبێت تا پرسیاری‌ ئاراستە بكەن، بەڵام دادگا داواكەی‌ ڕەتكردنەوە.
ـ پێنج شاهید بانگ كران بۆ شاهیدی‌ دان دژی‌ تۆمەتباران، كە ئەوانیش هەر لە چالاكەوانانی‌ بادینان بوون، (هەریوان، گوهدار، ئەیاز، شڤان، شیروان شێروانی‌) زۆرینەی‌ ئیفادەكانیان ڕەتكردەوە، ئەیاز بە دادگاو دادوەری‌ وت: "ئەو شاهیدیەمان بە زۆرو لە ژێر ئەشكەنجەدا لێ وەرگیراوە، ئەگەرنا ئەمانە مرۆڤی چاك‌و پاك‌و بەسودو بێ زیانی‌ بادینانن، هەموو كەس شایەتی‌ چاكەیان بۆ دەدات"، شیروان شیروانی‌ وتی‌: "هەموو ئەم شاهیدیە ڕەتدەكەمەوە، ئەوە هەمووی‌ درۆو دەلەسەی‌ دەزگا ئەمنیەكانی‌ پارتییە و بەزۆری‌ هەڕەشە لێمان وەرگیراوە، ئەگەرنا من لەگەڵ ئەم دوو تۆمەتبارە پەیوەندیمان نەبووەو گروپ‌و ڕێكخراوی‌ هاوبەشمان نەبووەو لە دوورەوە ناسیومن وەك دوو مرۆڤی‌ چاك‌و باش كە بەشێوەیەكی‌ مەدەنیانەو بە چالاكی‌ مەدەنیانە داوای‌ مافی‌ خۆیان‌و هاووڵاتیانیان كردووە، ئەمانە دوو مرۆڤی‌ بە شەرەف‌و بە كەرامەتی‌ دهۆكن، ئەمە شاهیدی‌ منە، ئەوەی‌ نووسراوە درۆیەو جاری‌ تریش ڕەتمكردووەتەوە"، واتە هەموو شاهیدیەكان لە بەرژەوەندی‌ تۆمەتباران بوون نەوەك دژیان!
ـ بەهۆی‌ ئامادە نەبوونی‌ دوو شاهید، دادگاییەكە دواخرا بۆ مانگی‌ ٩ی‌ ئەمساڵ!
ئەوەی‌ ئێمە بینینمان ئەوەبوو كە ئەم كەسانە خەڵكی‌ باش، بە خزمەت، پەروەردەكار، میدیاكارو چالاكەوانن‌و خاوەن كەسایەتی‌ ڕاقی‌ كۆمەڵایەتین، دڵسۆزی‌ گەل‌و وڵات‌و شاری‌ خۆیانن، بێ زیانن، هیچ بەڵگەیەكیش نیە بیسەلمێنێت بچوكترین زیان‌و نیەتی‌ خراپەیان هەبووە بەرانبەر خەڵك‌و وڵاتەكەیان، ئەوەی‌ تاوانی‌ ئەم دوو تۆمەتبارەو هاوڕێكانی‌ تریشیانە تەنهاو تەنها ترسی‌ دەسەڵاتە لە ناڕەزایی‌، لە خۆپیشاندانی‌ مەدەنیانە، لە مرۆڤێك بتوانێت شێوەیەكی‌ مەدەنی‌‌و شارستانیانە هاواری‌ ئینسانیانەی‌ خۆی‌ بكات، باس لەگەندەندەڵی‌‌و ناعەدالەتی‌ دەسەڵات بكات، هیچی‌ تر...