عیراق نەوتی خاوو بەچەند دەفرۆشێتە ئوردن؟

ئابوری 02/10/2021


رەمەزان شێخانی
ئەمرۆ شەممە كۆمپانیایی بە بازاڕ كردنی نەوتی عیراق " سۆمۆ" بڵاویكردەوە لەمانگی ئەیلولی رابردوو تێكرای هەناردەكردنی نرخی یەك بەرمیل نەوت بە وڵاتی ئوردن گەیشتوەتە 58 دۆلار
كۆمپانیایی سۆمۆ لە ئامارێكیدا بڵاویكردوەتەوە لەمانگی رابردوو 275 هەزارو 274 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن كراوە كە تێكڕای هەناردەی رۆژانە بریتی بوە لە 9200 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو بەو وڵاتە بریتی بوە لە 58.576 دۆلار 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە داهاتی نەوتی فرۆشراو لەو مانگەدا بریتی بوە لە 16 ملیۆن و 124 هەزار و 468 دۆلار.
ئاشكراشی كردوە لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2020 حكومەتی عیراق نەوتی هەناردەی وڵاتی ئوردن نەكردوە بەتایبەت پاش كۆتایی هاتنی گرێبەستی نێوان هەردوو لا كە بەگوێرەی گرێبەستەكە دەبوو عیراق رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی ئوردن بكات.
عیراق نەوتی خاوو بەنرخێكی كەمتر لە بازاڕ هەناردە دەكات بە شێوەیەك نرخی یەك بەرمیل نەوت نزیكەی 12 بۆ 14 دۆلار كەمتر لە نرخی خۆی هەناردەی ئوردن دەكات و رۆژانە دە هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تانكەرەوە هەناردەی ئەو وڵاتە دەكات.
رۆژی هەینی كۆمپانیایی سۆمۆ ئاماری فرۆشتن و داهاتی نەوتی مانگی ئەیلولی بڵاوكردەوە بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیایی سۆمۆ مانگی رابردوو عیراق بڕی 92 ملیۆن و 422 هەزارو 485 بەرمیل نەوتی فرۆشتوە بڕی نەوتی فرۆشراو بریتی بوە لە شەش ملیارو 711هەزارو حەوت هەزار دۆلار بوە.
بەگوێرەی ئامارەكەی سۆمۆ لە كێڵگە نەوتیەكانی باشوورو ناوەڕاستی عیراقەوە 89 ملیۆن و224هەزارو 354 بەرمیل نەوتی خاو لەو مانگەدا هەناردە كراوە .
ئاشكراشی كردوە لە مانگی ئەیلول بڕی 2ملیۆن و 922هەزارو 857 بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكەوە رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە كراوە 
بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیایی سۆمۆ رۆژانە بڕی 3 ملیۆن و 81 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوەو تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت لەو مانگەدابریتی بوە لە 72.612 دۆلار فرۆشتوە.