200 ملیار دینارەكە نەنێردراوە و پڕۆسەی دابەش كردنی مووچە خاو دەبێتەوە

ئابوری 30/09/2021

چاودێر : تایبەت
تاوەكو ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی نەداوە لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەشەوە، پڕۆسەی دابەش كردنی مووچە خاو دەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، دراونەتە چاودێر، لە7ی مانگی ئەیولەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم، نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، بۆ ناردنی 200 ملیار دینار وەك سولفە بۆ دابەش كردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام هێشتا ئەو پارەیە نەنێردراوە.
لەزانیارییەكاندا، ئاماژە بەوەشكراوە: بەهۆی نەهاتنی پارەكەی بەغداد، كێشە بۆ پڕۆسەی دابەشكردنی مووچە دروست بووە، و تا ئێستا رەزامەندی ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان نەدراوە.
هاوكات ئەگەر پارەكەی بەغداد، ئەمڕۆ یان سبەی هەینی، نەخرێتە سەر وەزارەتی دارایی، پڕۆسەكە خاو دەبێتەوە، هۆكارەكەش ئەوەیە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی لەبەر دەستدا نییە تا مووچەی پێدابەش بكات.
بەپێی زانیارییەكان، ئەگەر ئەو پارەیە بگاتە هەرێم، ئەوا هەفتەی داهاتوو كۆتایی بەدابەش كردنی مووچە دێت و ئەگەریش نەنێردرێت، دیار نییە مووچەی مانگی 9 لەپێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەرۆژی 10ی مانگی داهاتوو كۆتایی دێت یاخو نا.