كۆمەڵە بوو بە دوو باڵ

ڕاپۆرت 28/09/2021

چاودێر: 

كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێران بۆ دوو باڵ دابەشبوون و كەناڵێكی دیكەشیان بە هەمان ناوی كەناڵەكەی خۆیان كردەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "چاودێر" كۆمەڵە بووەتە دوو باڵ بەڵام هەردوو باڵ خۆیان بەخاوەنی حیزبەكە دەزانن، ئامادەنین بەناوێكی دیكە كاری رێكخراوەیی بكەن.

كۆمەڵە خاوەنی كەناڵێكی ئاسمانییە بە ناوی "كۆمەڵە" چەندین ساڵە هەیە، باڵی ناڕازی یان باڵەكەی دیكەی كۆمەڵەش كەناڵێكی دیكەیان بە ناوی "كۆمەڵە" كردووەتەوە، واتە حیزبی كۆمەڵە دەبێتە خاوەنی دوو كەناڵ بە یەك ناو، هەر یەكە و زمانحاڵی ئاراستەیەكە.

سەرچاوەیەك لەسەركردایەتی كۆمەڵە گوتی: باڵێكی ناڕازی لەنێو كۆمەڵەدا پەیدا بوون ددان نانێن بە سەركردایەتی و دەستەی رێبەری كۆمەڵە، خۆیان شانە و رێكخستنیان لەنێو كۆمەڵەدا درووستكردووە و كۆبوونەوەی كاری رێكخراوەیی بەنهێنی و ئاشكرا دەكەن، كەناڵێكیشیان بەناوی كەناڵی ڕەسمی كۆمەڵە كردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ئەم كارەی ئەم گرووپە نایاساییە و نادەستوورییە.

هاوكات كۆمەڵە لە راگەیێندراوێكدا روونیكردەوە پەخشی ئەم كەناڵە نوێیە هیچ پێوەندیێكی بە حیزبی كۆمەڵەوە نییە.

پێشتر كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی كوردستان دابەشبوو بۆ دوو حیزب حیزبێكی دیكە بەناوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان سەریهەڵدا.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش بوونە دوو حیزب حیزبێكی دیكە بەناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان سەری هەڵدا.

هاوكات چەند حیزبێكی دیكەی بچووكی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دوو حیزب و چەند حیزب دابەشبوون، ئەمەش ناڕەزایی لەبەرامبەر بەم پەرشوبڵاویەی حیزبەكان درووستكردووە.

سەرچاوە ئاگادارەكان لەم شەڕ و ناكۆكییانەی حیزبە رۆژهەڵاتییەكان دەڵێن، ناكۆكی ئەم حیزبانە لەسەر بەرژەوەندیی و دەسەڵاتە، لەسەر بابەتی فكری و رێگای كاركردن نییە.