زانیاری نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 9

ئابوری 23/09/2021

چاودێر: تایبەت
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكات و بۆ جاری سێیەم 200 ملیار دیناری دیكە لەبەغداوە، رەوانەی هەرێم دەكرێت و تاوەكو رۆژی 7ی مانگى 10 بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمەوە، تایبەت دراونەتە چاودێر، رۆژی شەممەی داهاتوو 25ی ئەیلول، دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە دەستپێدەكات و سەرەتاش مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە15ی ئەم مانگەوە، وەزارەتی دارایی دەستیكردووە بەكۆكردنەوەی داهاتەكانی خاڵە سنوورییەكان و ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش، بەشێكی پارەی مووچەی رەوانەی وەزارەتی ناوبراو كردووە.
لەزانیارییەكاندا، ئاماژە، بەوەشكراوە: رۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو، بەغدا بڕی 200 ملیاری دیكە بۆ جاری سێیەم، رەوانەی هەرێم دەكات و بەوەش دابەشكردنی مووچە، بەرێژەی 100% دەبێت.
دابەشكردنی مووچەی مانگی 9، تاوەكو رۆژی 7ی مانگ بەردەوام دەبێت.
لەسەر بڕیاری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئەو كاتەی رێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت.
پێشتر بۆ مانگەكانی تەموز و ئاب، 400 ملیار دینار رەوانە كراوە و مووچەی بێ لبَیڕین دابەش كرا.