رەوشتی نیمار بەرامبەر شەش ملیۆن یۆرۆیە

وەرزش 15/09/2021

ئەو كۆتوبەندەی یانەی پاریس سانجێرمان گرتویەتیەبەر لە بەرامبەر پاداشتكردنی نیمار داسیلڤای بەرازیلی بە بڕی 6.5 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە نیماری ناچاركردوە زۆر نەرمونیان بێت و بەردەوام پارێزگاری لە هەڵسوكەوت و رەوشتی بكات و دوربكەوێتەوە لە هەر رەفتارێكی نا وەرزشی كە كاریگەری خراپی هەبێت لەسەر پێگەی یانەكە. 
رۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی رایگەیاند، لە گرێبەستەكەی نیماردا هاتووە ئەو یاریزانە مانگانە سودمەند دەبێت لە پاداشتكردنی بە بڕی 541.8 هەزار یۆرۆ ئەگەر پارێزگاری لە كەسایەتی خۆی بكات و هیچ كاردانەوەیەكی نادروست نەنوێنێت لە نێو یاریگادا.
مۆندۆ دەڵێت، یانە پاریسیەكە مەرجی لەسەر نیمار داناوە كە هیچ هێماو ریكلامێك (سیاسی-ئاینی) نەكات و رەخنەی ئاشكرا لە یانەكەو ئیدارە یانەكە نەگرێت و زۆر روخۆش بێت لەگەڵ جەماوەرەكەی.
گرێبەستی نیمارو یانەی پاریس سانجێرمان بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ كە بە گرانبەهاترین گرێبەستە دادەنرێت لە مێژووی تۆپی پێدا. تا ساڵی 2025 بەردەوامە.