کوڕی یەکێک لەدەستگیرکراوەکانی بادینان: باوکم هێندە گۆڕاوە، نەمناسییەوە

کوردستان 15/09/2021

چاودێر

بەدەل بەرواری کە یەکێکە لەدەستگیرکراوەکانی بادینان، ئەمڕۆ دادگاییکردنەکەی دواخرا و کوڕەکەشی دەڵێت: باوکم لەزیندان هێندە گۆڕاوە نەمناسیوەتەوە.

کوڕی مامۆستا بەدەل بەرواری وتی: سەرەتا کە باوکم لەناو زیندان بینی لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، نەمناسییەوە، تا ئەوکاتەی کە وتی (کوڕم)، دواتر زانیم ئەوە باوکمە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، باوکی بڕیاریداوە مانگرتن لەخواردن ڕابگەیەنێت.

باسی لەئەوەشکرد، زیاتر لەساڵێک تێپەڕێوە بەسەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا و لەزیندانی ئاسایشدان، بەڵام تاکو ئێستا دادگایی نەکراون.

پارێزەری کەیسەکەی مامۆستا بەدەل بەرواری ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ دادگاییکردنەکەی بۆ ١٢ی مانگی داهاتوو دواخرا، کە هیچ هۆکارێکی ڕوون نەبوو، بۆئەوەی ئەم دادگاییە دوابخرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبوو لانیکەم بەهۆی ئەوەی کە مانیان لەخواردن گرتووە، ئەمڕۆ دادگایی بکرانایە، بەڵام بەداخەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانباربوونیان هەبێت، لەزیندان هێڵراونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکرندی مامۆستا بەدەل بەرواری و ژمارەیەک چالاکوانی دیکەدا، بەڵام تاکو ئێستا تەنها پێنج کەسیان بەشەش ساڵ زیندانی سزادراون و ئەوانی دیکەش، تاکو ئێستا چاوەڕێی دادگاییکردنن.