مەترسی گەڕاندنەوەی خۆراكە بەسەرچووەكان بۆ كۆمپانیاكان ئاشكرا دەكرێت

کوردستان 14/09/2021

چاودێر:
ئەندازیارێكی خۆراك ڕایدەگەیەنێت، گەڕاندنەوەی خۆراك و ماددەی بەسەرچوو لەلایەن سۆپەرماركێتەكانەوە بۆ كۆمپانیاكان دیاردەیەكی نەگونجاوە، بەڵكو دەبێت راستەوخۆ لەناوببرێن.
لەشكر حەمید ئەندازیاری خۆراك ڕایگەیاند، دیاردیەك كە لە ئێستادا زۆر بڵاوە گەڕاندنەوەی خۆراكی بەسەرچووە لە ماركێت و مینی ماركێت و هەفتە بازاڕ و ڕیستۆرانت و شوێنە گشتی یەكان بۆ كۆمپانیاكان بە بیانووی سەرژمێری و گەڕاندنەوەی پارەكەی بۆ ئەو شوێنە گشتی یانە، بەڵام ئەمە دیاردەیەكی زۆر ناتەندروست و نەگونجاوە زیان بە تەندروستی گشتی دەگەیەنێت.

دەشڵێت" پێشبینی دەكرێت بەشێك لە كۆمپانیاكان هەوڵ بدەن بەدەستكاری كردنی بەروار و گۆڕینی كیس و دووبارە بەكارهێنانەوەی و بەرواری نوێی لێ بدرێت و لە رابردوو چەندین حاڵەتی لەو جۆرە تۆمار كراوە"

لەشكر حەمید ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بەهیچ جۆرێك خۆراكە بەسەرچوو و خراپ بووەكان نەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیاكان و راستەوخۆ لەناو ببرێت وێنەی موادە بەسەرچووەكان تۆمار بكرێت.