پەرلەمانتارێك: بون‌و نەبونی‌ حكومەت بۆ كرێكاران و فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت وەك یەكە

کوردستان 14/09/2021


چاودێر:
ئەندامێكی ‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ڕایدەگەنێـت، كرێكارو كارمەندی‌ كەرتی‌ تایبەت بە تەنها لەبەردەم هاوكێشەی‌ دڵڕەقانەی‌ بازاڕدا بەجێهێڵراوەو هیچ دامەزراوەیەكی‌ حكومی‌‌ ئەركی‌ پاراستنی‌ مافی‌ كرێكاران‌و كارمەندانی‌ كەرتی‌ تایبەت لە خۆ ناگرێت‌و واقیعەكە بەجۆرێكە كە بون‌و نەبونی‌ حكومەت بۆ كرێكاران وەك یەكە.

عومەر گوڵپی،‌ ئەندام پەرلەمانی‌ كوردستان، دەڵێت"  لەپاش شەش مانگ بەدواداچون، دواندن‌و چاوپێكەوتنی‌ دەیان كرێكارو كارمەندی‌ كەتی‌ تایبەت‌و سەردانی‌ شوێنی‌ كار، بەدەست گەیشتنی‌ دەیان سكاڵا، گەیشمە ئەو بڕوایەی‌ كرێكارو كارمەندی‌ كەرتی‌ تایبەت بە تەنها لەبەردەم هاوكێشەی‌ دڵڕەقانەی‌ بازاڕدا بەجێهێڵراوەو هیچ دامەزراوەیەكی‌ حكومی‌‌ ئەركی‌ پاراستنی‌ مافی‌ كرێكاران‌و كارمەندانی‌ كەرتی‌ تایبەت لە خۆ ناگرێت‌و واقیعەكە بەجۆرێكە كە بون‌و نەبونی‌ حكومەت بۆ كرێكاران وەك یەكە، هەر ئەم دۆخە خراپەشە كە هەمو گەنج‌و هاوڵاتیەك چاوی‌ لە دامەزراندنە لە كەرتی‌ گشتی‌"

ئاماژەی بەوەشكردوە، نەبونی‌ گرێبەستی‌ كار، دابیننەكردنی‌ پێویستی‌‌و وەسیلەو هۆكارەكانی‌ كارو سەلامەتی‌، دواخستنی‌ موچە، دەستەبەرنەكردن، كاری‌ زیادە بەبێ پاداشت، ڕوداوی‌ برینداربون‌و كەمئەندامبون‌و مردن بەبێ لە ئەستۆ گرتنی‌ بەرپرسیارێتی‌، لێ وەرگرتنەوەی‌ كار بەبێ هۆ یان بەهۆكاری‌ خزمایەتی‌‌و حزبایەتی‌، پێ نەدانی‌ موچە، نەبونی‌ شوێن‌و كاتی‌ پێویست بۆ پشو، ئەمانەو دەیان پێشێلكاری‌ تر لە شوێنەكانی‌ كار بە گەورەو بچوكەوە دەبینرێن، "بەداخەوە حكومەت‌و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی‌ لە شوێنی‌ نەبون لە پرسی‌ كرێكارو فەرمانبەری‌ كەرتی‌ تایبەت‌و مافەكانیدا، لە زۆر حاڵەتیشدا بەهۆی‌ كۆمپانیاو قۆرخكاریی بازاڕ، هەردو حزبی‌ دەسەڵات خۆیان ڕاستەوخۆ لە پیشێكارانی‌ مافەكانن".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵشێت،"حكومەت بە ئاستێك كەمتەرخەمە لە بەرانبەر كرێكارو كارمەندانی‌ كەرتی‌ تایبەت‌و مافەكانیدا، لەزۆربەی‌ شارەكانی‌ كوردستان هیچ فەرمانگەیەكی‌ حكومەت نیە چاودێری‌ مافی‌ كرێكارو كارمەندان بكات، بەدواداچون بكات، تەنانەت لە شارە گەورەكانی‌ وەك سلێمانی‌‌و هەولێرو دهۆكیش، بەهۆی‌ نەبونی‌ ژمارەی‌ پێویستی‌ فەرمانبەرو لاوازی‌ توانای‌ فەرمانگەكانەوە، فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ناتوانن بەباشی‌ ئەركە سادەكانی‌ خۆیان جێبەجێ بكەن.

ئەو پەرلەمانتارە ، باس لەەشدەكات، هاوكێشەی‌ نێوان خاوەنكارو كرێكار، بەجۆرێك تێكچوە، لە هێندێك شوێن گەیشتوەتە ئاستی‌ ئیستیغلالكردن‌و بازرگانی‌ بەمرۆڤ، گەیشتوەتە ئاستی‌ تەماشاكردنی‌ كرێكارو كارمەند وەك بەندەو كۆیلە نەوەك وەك مرۆڤێكی‌ خاوەن كەرامەت كە بەگرێبەستێك ئەرك‌و مافەكانی‌ لە چوارچێوەی‌ یاسادا دەستنیشان كرابن، هەمو ئەم دۆخە خراپانەش بۆ ڕەگەزی‌ مێینە خراپترینن".

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئیستیغلالكردنی‌ بێكاری‌ هاوڵاتیان‌و لاسەنگی‌ هاوكێشەی‌ هەلی‌ كارو دەستی‌ كار بەجۆرێك شێواوە كە كرێی‌ كاكردن لە هێندێك شوێن دابەزیوە بۆ تەنها (150 هەزار) دینار لە مانگێكدا بەرانبەر بە هەشت سەعات كار لە ڕۆژێكدا، لە هەندێك شوێن خاوەن كار بە سێ مانگ‌و چوار مانگ كرێی‌ كارمەندانی‌ نادات.

دەشلێت" واژۆی‌ 25 ئەندام پەرلەمان پێشكەشكراوە و  داوامانكردوە دانیشتنێكی‌ تایبەتی‌ پەرلەمان تەرخان بكرێت بۆ گفتوگۆی‌ كێشەكانی‌ فەرمانبەرو كرێكاری‌ كەرتی‌ تایبەت، بۆ ئەوەی‌ بە ئامادەبونی‌ حكومەت هەمو ئەم بابەتانە گفتوگۆبكرێن‌و بەرنامەو پلانی‌ پێویست دابنرێت بۆ پاراستنی‌ كرێكارو كارمەندانی‌ كەرتی‌ تایبەت"