واتای ئاشتی چییە؟

ژن 13/09/2021



‎ئایا لەبەرامبەر ئاشتیدا دەبێت راستەوخۆ باس لە جەنگ و شەڕی دەستەو یەخە لە نێوان مرۆڤەکاندا بکەینەوە کە بە شێوەیەکی گشتی پیاوان بڕیاردەری جەنگ و ئاشتین لەسەر زەمین، ئەوەش لەسەر بنەمای داگیرکاری و فراوانکردنی سنوری جوگرافیاو دەسەڵات و نەتەوە؟ لە تێپەربوون لە کۆمەڵگای سروشتی بۆ کۆمەڵگای دروستکراوی دەستی مرۆڤ سەرجەم ئەو بەها کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە لە دەستی ژناندا هەبوون، پیاو لە ژێر دەستی ژن دەری کردن و خۆی کردە خاوەنیان. لە دوای کۆیلە کردنی ژن زیهنیەتی پیاوسالاری هەوڵیدا گروپ یان کۆمەڵە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی و تەنانەت سروشتیش کۆنترۆڵ و کۆیلە بکات،  چەوسانەوە و ستەمی چینایەتی لە سەردەمی فیۆداڵی و سەرمایەداری و ئیستای فینانس کاپیتاڵ دا قوڵتر دەبێتەوە. ئەگەر بمانەوێت لە واتای ئاشتی راستەقینە تێبگەین پێویستەدەکات لە چۆنیەتی لادان لە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێبگەین، ئەوەش بە کۆیلەکردنی ژن دەست پێدەکات، هەربۆیەش ناکرێت ئاشتی تەنها بە جەنگی سیاسەتی دەسەڵاتگرتنەدەست تێبگەین، بەڵکو گەرانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆڤایەتی بۆ ئازادی ژن دەگەڕێتەوە بۆ واتا ڕاستەقینەکەی.
‎لە کاتێکدا جەنگێکی دروستکراوی مێژوویی  لە نێوان هەردوو ڕەگەزی مرۆڤدا لە سەرەتاکانی شێوەگرتن و دەستپێکی دروستبوونی موڵکایەتی و دابەشکاری و دیاری کردنی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان لە ژیاندا لەسەر چەند بنەمایەکی نادروستی توانای فیزیکی و زیهنی و سۆزدارییان، هەوێنی هەڵگیرساندنی جەنگێکی مێژوویی تا ڕادەیەک نەبیندراوی نێوان مرۆڤەکانە و رەگەزی نێر وەک نوێنەرایەتی مرۆڤ و ژن وەک رەگەزی دووەم و پلە نزمتر لە پیاوان پێناسەکراوە. هەر ئەمە خۆی دەستپێکی جەنگێکی ناڕەوای دژ بە مرۆڤایەتییە، کە ژنان لەسەرەتای بوونیانەوە دەبێت لەناو ئەم زیهنیەت و پلە دووییدا بەرامبەر بە سنورەکانی دەسەڵاتی پیاو ڕوویدا.
 
‎پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا کەی ڕۆژێک دیاری دەکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی دەرونی و زیهنی نەبیندراوی مرۆڤەکان و نێوان ژن و پیاو، کە هەردوولا هاوشێوەی یەکتری بە هەندێک جیاوازی ڕۆڵگێڕانیانەوە، لە جەنگێکی گەورەتر لە سەروو ویست و هەستپێکردنیانەوە دەژین؟