ئێران جەنگ دژی عێراق بەرپا دەكات

ڕاپۆرت 13/09/2021

 جموجۆڵە دیبلۆماسییەكانی هەولێر و بەغدا، تاران نیگەران دەكات 

چاودێر: 

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران دوێنێ بە مووزیكی ریسالە پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كرد، ئەمە بە گوتەی شارەزایان، وێڕای پێشلكردنی پرۆتۆكۆل، راگەیاندنی جەنگی تارانیشە دژی عێراق.

جموجۆڵە دیبلۆماسییەكانی بەغدا لە بەستنی لوتكەی دراوسێكان، پرۆژەی هاوبەشی عێراقی، ئوردنی و میسری، پێدانەوەی رۆڵ بە وڵاتانی كەنداو، هاوكات سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا و شاندەكانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئوردن و جەهەپە بۆ هەولێر و رێككەوتنی ئەمریكایی و ئیماراتی لەسەر غازی چەمچەماڵ بوونە هۆكاری نیگەرانبوونی ئێران.

دەمێكە ئێران، عێراقی وەك بەشێك لە خاكی خۆی سەیركردووە، ئەمە لەسەر زاری گەورە بەرپرسەكانیشیەوە گوتراوە، نەشاردراوەتەوە، بەڵام لە دوای خۆپیشاندانەكانی 2020 وردە وردە خەریكە بەڕەی عێراق لە ژێر پێی ئێران دەردەهێندرێت.

ئەم  مامەڵەی ئێران لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە تاران و لەكاتی پێشوازیكردنی بە پەخشكردنی مووزیكی ریسالە لە بری سروودی نیشتمانیی هەردوو وڵات، جۆرێكە لە سووكایەتی كردن بە عێراق و سەرۆك وەزیرانەكەی، پەیامی هەڕەشە و جەنگیشە بە گوتەی شارەزایانی سیاسی.

شارەزایانی سیاسی دووپاتیدەكەنەوە هێرشە درۆنییەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و هێرشەكانی دیكەی سەر سنووری هەرێمی كوردستان هاوكاتی سەردانەكەی كازمی بۆ رووگیركردنی كازمی بووە.

ئێران ماوەی زیاد لە هەفتەیەكە بە ناوی بوونی حیزبە كوردییەكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان هەڕەشە و گوڕەشە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات، بە كردەوەش بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات.

یەدوڵڵا جەوانی بەرپرسی سیاسیی سوپای پاسداران لە لێدوانێكدا گوتی: دەبێت بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چی دیكە رێگە بە بوونی لایەنە دژبەرەكانی ئێران نەدەن، لەحاڵی وەڵامنەدانەوەدا ئێمە كاردانەوەی دیكەمان دەبێت.

عەلی شەمخانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە دیدار لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دووپاتیكردووەتەوە كە دەبێت عێراق و هەرێمی كوردستان چەك لە حیزبە نەیارەكانی بستێنن و لە سەر خاكی ئەم وڵاتە دووریان بخەنەوە.

   لەسەر ئاستی مەیدانیش لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا هێرش و بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامن بوون.

فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێكدا ئەمڕۆ دوو شەممە ئاشكرایكرد بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەی بەربزین و سیدەكان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆردومانكراونەتەوە.

ئاشكراشیكردووە چوار فڕۆكەی درۆنی سوپای پاسدارانیان خستووەتەخوارەوە.

لەسەر ئاستی هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا هیچ كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەم هێرشانە نیشان نەدراوە، هیچ لێدوانێكی فەڕمیش لەبارەی هەڕەشە و گوڕەشەكانی ئێران یان دوورخستنەوە حیزبە نەیارەكانی ئێران نەدراوە.