ژن لە شارستانییە کۆنەکاندا - یۆنانی کۆن بە نموونە

ژن 06/09/2021


ژمارە و جۆری سەرچاوە کۆنەکان کە لە ئەمڕۆ لە بەردەستدان ، نە زۆرن و نە جێگەی متمانەن . بەتایبەت ئەوانەی کە لەسەر بارودۆخی ژن لە چاخەکۆنەکاندا نووسراون .
بۆ نموونە زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەرچاوانە دەڵێ لە یۆنانی کۆندا ژنان هیچ مافێکیان نەبووە؛ نە مافی خاوەندارێتی ، نە مافەکانی میرات و نە مافی دەنگدان . ئەرکیان تەنیا پەروەردەکردنی مناڵ و ئەنجامدانی ئیش و کار و فرمانەکانی ماڵ بووە، بەڵام ئایا ئەم سەرچاوانە هەموو شتێکن و تەواو جێگەی باوەڕن ؟ وەڵامەکە ئاسان نی یە چونکە نووسەری بابەتەکان هەموویان پیاو بوون ، جگە لەمەش پانتایی باسەکان تەواوی یۆنانی کۆنیان نەگرتۆتەوە ، تەنیا لە سنووری شاری ئەثینادا قەتیس کراون .سەرچاوەگەلی تر هەن کە باس لە بارودۆخی ژنانی ئەسپارتە دەکەن . ئەوان شتێکی دیکە دەڵێن؛ ژنانی ئەسپارتە دەبوو وەک پیاو وەرزش و چالاکیی جەستەییان هەبێ ، مافی موڵکداری و ئازادیی شەرابخواردنەوەشیان هەبووە.
چەند توێژێکی دیکەی ژنانیش هەبوون کە لە پێگەوئاستی تایبەتدا بون ، بۆ نموونە ژنانی کاسپکار ، ژنانی فەرمانبەر لە دەزگاکانی دەوڵەتدا، هەروەها لەشفرۆشان کە پیشەکەیان ئاشکرا و ددانپێدانراو بووە.
جگە لەمانەش بوار ڕەخساوە بۆ هەڵکەوتنی ژنانی نائاسایی و لێهاتوو لە بوارە جیاوازەکاندا ؛ شاعیری ژن ، فەیلەسوف و پزیشک و سەرکردەو فەرماندەی ژن ڕێگری لە هەڵکەوتنیان نەکراوە.
بەڵام گەورەترین پێگەی ژن لە وڵات و شارستانی یە کۆنەکاندا توانیوێتی خۆی لە ناو ئایین و ئەفسانەکاندا بەرجەستە بکات. ئوپینا ، خواوەندی ژیری و بەخشندەی و بەها و زیرەکی ژنە. لەکۆمەڵگا کشتوکاڵییەکەی یۆنانی کۆندا خواوەندەکانی پیت و بەرەکەت ژن بون .
شانبەشانی ئەمەش ، یۆنانی کۆن ،وەک کۆمەڵگایەکی نێرسالار ، زۆرێک لە کەسایەتی و سیمبولە خراپەکانی ناو ئەفسانەکانی بریتین لە ژن . ژن هێمایە بۆ ڕق و پیلان و تۆڵە و ئاژاوەنانەوە و ناپاکی . لە هەندێک داستان و ئەفسانەشدا ستایشی وەفای ژن کراوە کە پاکیزەیی خۆی پاراستووە کاتێک مێردەکەی چەندین ساڵ لێی دوور بووە.
لە قۆناغی منداڵیشدا جیاکاری گەورە هەبووە لە ڕەخساندنی دەرفەتی پەروەردەو فێرکردن . کچان بە دەگمەن خراونەتە قوتابخانە .تاکە وەرزشێکیش کە ڕێپێدراو بووە بۆ کچانی ئەو سەردەمە تەنیا هەر سەماکردن بووە.
خاڵێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی یۆنانی کۆن ئەوەیە کە پێویست بوو هەموو کچێک سەرەنجام هاوسەرگیری بکات . کۆمەڵگای یۆنانی کۆن شوێنی ژنی پێگەیشتووی بێ هاوسەری تێدا نەبووە.