قوباد تاڵەبانی لەبارەی گرانی نرخی بەنزین هاتە دەنگ

ئابوری 02/09/2021

چاودێر
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند،  هەموو هەوڵێكمان بۆ دابەنزینی نرخی بەنزینە لەهەرێم و عێراق پاڵپشتی دارایی بۆ بەنزین دەكات، بۆیە نرخەكەی بەو شێوەیەیە و ئێمە جارێ‌ ناتوانین ئەو پاڵپشتییە بكەین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاشكرایكرد: هەموو كارئاسانییەك دەكەین بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی، حكومەتی هەرێم باجی سەر سووتەمەنی زیاد نەكردووە.
وتیشی " گرانی نرخەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەشی هەرە زۆری ئەو بەنزینەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت، لەدەرەوەی وڵات دێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: بەنزینیش بەرهەمێكی نەوتە و لەگەڵ زیادبوونی نرخی نەوت، نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، بۆیە نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە.
قوباد تاڵەبانی، ئەوەشی خستەڕوو،" عێراق پاڵپشتی دارایی بۆ بەنزین دەكات، بۆیە نرخەكەی بەو شێوەیەیە و ئێمە جارێ‌ ناتوانین ئەو پاڵپشتییە بكەین، هەروەها پێویستە بزانرێت هەندێك بازرگان، چەند مادەیەك لە بەنزین دەكەن تا ئۆكتانی بەنزینەكە بەرز ببێتەوە، نابێ رێ بەو فرتوفێڵە بدرێت".
ڕوونیشیكردەوە، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لەگەڵ عێراق رێككەوتووین بەنزین بێتە هەرێمی كوردستان، تا زیاتر بێت و بەنزین هەبێت نرخەكە دادەبەزێت.