ساڵانە زیاتر لە ١٦ ملیار دینار مووچەیانە
ڕێژەی حزبەکان لە خانەنشینیی پەرلەمانتاراندا

ڕاپۆرت 29/08/2021

چاودێر - ڕاپۆرت

بە پێی بەدواداچوونێکی چاودێر، لە کۆی ٥٤٣ پەرلەمانتاری خانەنشین بەم خولەی ئێستاشەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەمە بە ٢٠٠ پەرلەمانتاری خانەنشین و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ١٤١ پەرلەمانتاری خانەنشین لە ڕیزبەندی دووەمە و بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ٦١ پەرلەمانتاری خانەنشین دێتە پلەی سێیەم.


بە پێی یاسای چاکسازی، خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەباڵاكان  ١٥%ـی تێكڕای مووچەكەی دەبێت جگە لە هەژماركردنی هەندێك خاڵی دیكە، كە پەیوەندیی بە ساڵی خزمەت و باری خێزانی و بڕوانامەی پەرلەمانتارانەوە هەیە و تێكڕای مووچەی خانەنشنیی پەرلەمانتاران دەگاتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار.


تێكڕای ئەو پارەیەی لە ماوەی مانگێكدا وەریدەگرن دەكاتە یەك ملیار و سێسەد و پەنجا و حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار و ساڵانەش ١٦ ملیار و ٢٩٠ ملیۆن دینارە.
لە كۆی ٥٤٣ پەرلەمانتارە خانەنشینەکه‌؛ پارتی دیموكراتی كوردستان پشكی شێری دەبێت كە ٢٠٠ پەرلەمانتاری خانەنشینە بەم خولەی پەرلەمانیشەوە، كە ساڵی شەش ملیار دینار لە بودجەی هەرێم دەبەن.


لە دوای پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕووی ژمارەی پەرلەمانتارانی خانەنشینەوە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دێت كە ١٤٥ پەرلەمانتاری خانەنشینی هەیە، بەڵام چواریان چوونەتە ناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە و بەو پێیەش ١٤١ پەرلەمانتاری خانەنشینی دەمێنێت كە ساڵی ٤ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دینار دەبەن.

بزووتنەوەی گۆڕانیش بە پلەی سێیەم دێت كە ٥٨ پەرلەمانتاری خانەنشینی فراكسیۆنەكانی هەیە ئەوە جگە لە سێ پەرلەمانتاری خانەنشینی پێشووی یەكێتیی كە بوون بە گۆڕان كە بە تێكڕا ٦١ پەرلەمانتاری خانەنشینی هەیە و ساڵی ملیارێك و ٨٣٠ ملیۆن دینار لە بودجەی گشتی دەبەن وەك مووچەی خانەنشینی.


هاوكات حزبە ئیسلامییەكان (یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی) بە تێكڕا لە پێنج خولی پەرلەماندا ٥٨ پەرلەمانتاری خانەنشینیان دەبێت، كە ساڵی یەك ملیار و حەوسەد و چل ملیۆن دینار دەكات.