بە قسەی كێ؟

ژن 25/08/2021


هاوژین زیبا
سەرخانە فكری و كەلتوورییەكانی سیستمی پیاو سالاری ماوەی هەزاران ساڵە بە شێوازی جۆراو جۆر هەوڵ دەدات ئەو باوەڕە لە ناخی مرۆڤدا بچەسپێنێ كە ژن ( ڕەگەزی مێ) چەندین پلە لە خوار پیاوەوەیە لە زۆرینەی ڕەهەندە بایۆلۆجی و توانا جەستەیی و ئەقڵییەكاندا.. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە زمان بە جۆرێكی جیاواز لە پیاو ئاماژە بۆ ژن دەكات. زەعیفە، ماڵەوە، حورمێ ، ئافرەت، عەورەت، لاواز، بێ ئیرادە…تاد. ئەمانە لەزمانی كوردیدا ئاماژەن بۆ ژن.. جیاكردنەوەكە لە هەندێك زماندا هێندە تۆخ و پڕڕەنگە كە ڕاناوی بەكار هێنراو بۆ ژن جیاوازە لەوەی كە بۆ پیاو بەكاردەهێنرێ. وەك ئەوەی ژن مرۆڤ نەبێ!
پێداگریكردن لەسەر داتاشینی وەهمی جیاواز گەلێك ئامانجی ئاشكراو وهێنی لە پشتەوەیە كە هەرە گرنگەكەیان درێژەدانە بەچەوساندنەوەی جێندەری.
ئەقڵییەتی باو لە كۆمەڵگەی پیاوسالایدا بەژن دەڵێت زەعیفە..واتە لەڕووی جەستەییەوە لاوازە.. كەمتر بەرگەی نەخۆشی دەگرێت ..
ئایا ئەم بۆچوونە ڕاستە؟
بەقسەی كێ ژن زۆرتر نەخۆش دەكەوێ و زووتر دەمرێت؟
بێگومان كاریگەرییەكانی دووگیانی و سك وزا و مناڵ بەخێوكردن و ئەركەكانی ناو ماڵ و مەحرومكردن لە خۆراكی پێویست كاریگەری زۆر خراپیان هەبووە لەسەر جەستە و تەندروستی و ژیانی ژنان، بەڵام ئەوانە گشتیان هۆكاری دەرەكیین.. پەیوەست نین بە سروشتی جێنەتیكی ژنەوە.لەگەڵ ئەوانەشدا بەپێچەوانەوە ئامار و دیاردە سروشتییەكان شتێكی دیكەمان پێ دەڵێن:
توێژینەوەی زانستیی بەردەوام لەچەندین سەنتەری جیهانیدا كە بیست ساڵ لەمەوبەر دەستی پێكرد دەیسەلمێنێت ژن، تێكڕا ٥-٦ساڵ زیاتر لە پیاو دەژی، كەئەمە لەڕووی بایۆلۆجییەوە هێزە نەك لاوازی.
مەسەلە تەنیا تەمەن درێژی نییە.دروستكردنی منداڵ گەورەترین هێزە. بەڵام لە جیاتی ئەوەی شانازی پێوەبكرێیت وەك عەیبە چاوی لێدەكەن.
وایان كردووە، ژنی دوو گیان لە خۆی شەرم بكات.
ئەوانەی ئەو زیهنییەتەیان هەیە لە بیریان چۆوەتەوە كە ئەوانیش لە زكی ژنێكی دووگیاندا بوون و لەوێوە هاتوون!!! رەنگە وا بیر بكەنەوە خۆیان بە پرینتەر دروست كراون!!!
توێژینەوەكان دەڵێن ژن كلیلی دەرگای نهێنییەكانی تەمەندرێژییە. نەك هەرئەوە ، بەڵكو لە ساڵە زۆرەكانی تەمەندا بڕیاری كۆتایی جێندەر دەیدات.
لە كۆی٤٣ كەس كە تەمەنی هەریەكەیان سەد و دەساڵی تێپەڕ كردووە ، چل و دووكەسیان ژن بوون . بەهەر پێوەرێك لێكی بدەیتەوە ئەمە مانای وایە تەمەندرێژی و ڕەگەزی ژن زۆرزۆر پەیوەندییان هەیە بەیەكترییەوە
لێكۆڵینەوە لەشێوازی ژیانیشیان هیچ خاڵێكی هاوبەشی نیشان نەداوە جگە لەوەی كە هەموویان ژنن
كەواتە بە قسەی كێ ژن زەعیفەیە؟!