سێ ساختەكاری دراوی بیانی لەسەهۆڵەكە و ناو بازاڕ دەستگیر كران

ئابوری 12/08/2021

چاودێر
پۆلیسی سلێمانی، سێ تۆمەتباری بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی بيانى ساختە، لەسەهۆڵەكە و ناو بازاڕ دەستگیركرد و هەرسێكيان كوردن و بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بڵاویكردەوە، لەدوو چالاكی جیاجیادا، مەفرەزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی -  بنكەی پۆلیسی (سەراو، ڕزگاری) سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە، دەستگیر كرد.
باسلەوەشكراوە: رۆژی 7/8/2021، چەند خاوەن دوكانێك، بنكەی پۆلیسی سەرایان ئاگاداركردەوە، لەكاتی مامەڵەكانیاندا پارەی ساختەیان دراوەتێ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی دەستپێكرد و گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، توانرا لەڕۆژی 11/8/2021 هەردوو تۆمەتبار (أ، ف، ح لەدایكبووی 1979)و (م، ح، م لەدایكبووی 1979) لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربكرێن.
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا، دەستیشگیراوە، بەسەر بڕی 14 ملیۆن دیناری عێراقی ساختەدا، لەگەڵ بڕێك دۆلاری ئەمریكی ساختە و ئوتۆمبێلێك كە بەتۆمەتبارەكان بووە.
 دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری، تۆمەتبارێكیان بەناوی ( ب، ح، ف، لەدایكبووی ١٩٩٩)  لەشەقامی سالمی سلێمانی (سەهۆڵەكە) دەستگیركرد، كە بڕێك دراوی بیانی ساختەی پێ بووە و بەنیاز بووە ساغی بكاتەوە.
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیرا بەسەر ئەو دراوە ساختەیەدا كە بەتۆمەتبار بووە.
لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە كە كوردن، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون  و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.