هەفتەی داهاتوو پارەی جووتیاران خەرج دەكرێت

کوردستان 02/08/2021


بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕی 5 ملیار دینار پارەی ئەمساڵی گەنمی جوتیاران خەرج بكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا ئەمرۆ دووشەممە رایگەیاند:پێش جەژن لە بەغداوە چەکی یەکەم بەشە پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی كوردستان رەوانە كرا، بەڵام فەرمانی خەرجكردنەكە جارێ دەرنەچووە".
گوتیشی:" لەبەر ئەوەی بەغدا (سحە سدوری)ی چەكەكانی بۆمان نەناردووە، بۆیە تاوەكوو ئەوە نەنێرێت پارە تەحویلی بانكەكان نابێت و ناتوانین دەست بە خەرجكردنی بكەین".
راشیگەیاندوە، بڕی پارەی یەكەم  چەك بریتییە لە پێنج ملیار دینار و بە گوێرەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاكانی هەرێمی  كوردستان بڕی هەر پارێزگایەك دیاریكراوە 
 ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە :چاوەڕوان دەكرا لە كۆتایی ئەو هەفتەیە دەست بە خەرجكردنی ئەو پێنج ملیار دینارە بكرێت، بەڵام  لە بەغداوە  دواكەوت و لە هەفتەی داهاتوو پارەكە خەرج  دەكرێت، وپارەكەش بەم شێوەیە دابەشدەكرێت بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێر و بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە و بڕی یەك ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆك تەرخان كراوە".
بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراشی  كرد، لە 23/6/2021 دەستیان بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كردووە و ئەمساڵ بڕی 375 هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە و گەنمی پلە یەک بە 610 ھەزار دینار و گەنمی پلە دوو 530 ھەزار دینار و گەنمی پلە سێ بە 470 ھەزار دینار وەرگیراوە