تا کۆتایی ساڵ ناردنی 200 ملیارەکەی بەغداد بەردەوام دەبێت

کوردستان 02/08/2021

فازڵ نەبی، بریکاتی پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق جێبەجێ دەكرێت و لەگەڵ ھەرێم دەگەنە رێككەوتن، مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن و مانگی شەشیان رەوانە كردووە و بڕیاری داوە كە مانگی حەوتیش رەوانە بكرێت". 

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی وتیشی" حكوومەتی عێراق بەپێی بڕیاری سەرۆكوەزیران لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە تا كۆتایی ساڵ مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات، چونكە بودجە بۆ ئەمساڵە". 

فازڵ نەبی باسی لەوەشكرد، بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ھەموو مانگانێك٢٠٠ ملیار دینار رەوانە بكەن، بۆیە پێویستە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا پارەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش ڕەوانە بكرێت.

دەشڵێت" بەم ھەنگاوە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باش دەبێت و حكوومەت دەتوانێ مانگانە لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات".