جگە لە ٣١ کەس مووچەی تەواوی خانەنشینانی پلەباڵا ڕادەگیرێت

کوردستان 01/08/2021

چاودێر


پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم مووچەی خانەنشینانی پلەباڵای ڕاگرتووە تا تەواوی ئەولەویاتیان ئامادە دەکەن، جگە لە ٣١ کەس کە دۆسییەکەیان تەواو کردووە و خانەنشینی پلەباڵای ڕاستەقینەن.


ڕزگار حەمەد مەحمود، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان بە "چاودێر"ـی ڕاگەیاند: هەفتەی پێشوو وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندم کە مووچەی سەرجەم پلەباڵاکان ڕاگیراوە جگە لە ٣١ کەس کە دۆسییەکەیان تەواوە و بە یاسایی پلەکەیان وەرگرتووە.


وتیشی: "ئەو خانەنشینی پلەباڵایانە چەند جارێک ئاگادار کراونەوە دۆسییەکانیان تەواو بکەن، شوێنی دەوامەکانیان و خزمەتەکەیان، بەڵام جگە لە ٣١ کەس هیچیان وەڵامیان نەداوەتەوە و وەزیری داراییش مووچەکەی ڕاگرتوون."





چاودێر گەندەڵیی ناو خانەنشینیی سەربازی ئاشکرا دەکات
لە ١١٥ هەزار تەنها نیوەیان ڕاستەقینەن و مانگانە ١٠٠ ملیار دیناریان بۆ دەڕوات

چاودێر – ڕاپۆرت
ئەگەرچی ١١٥ هەزار خانەنشینی سەربازی بە پلەی جیاجیا تۆمار کراون و مووچە وەردەگرن، بەڵام بە وتەی پەرلەمانتاران لەو ڕێژەیە تەنها نیوەیان ڕاستەقینەن و مانگانەش ١٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازی خەرج دەکرێت، ئەوەش ناڕەزایی و مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی "چاودێر" لە پەرلەمانتارانی کوردستانەوە بەدەستی هێناوە، ١١٥ هەزار خانەنشینی سەربازی تۆمار کراون و مووچە وەردەگرن و مانگانە ١٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەکەیان دەڕوات. ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی و مشتومڕ و لە یاسای چاکسازیشدا باسی ئەو پرسە کراوە.
ڕووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە "چاودێر"ـی ڕاگەیاند: تا ئێستا دوو ڕاپۆرت لەسەر یاسای چاکسازی هاتوونەتە پەرلەمان، بەڵام هیچیان پرسی خانەنشینانی سەربازیی تێدا نییە و تا ئێستا هیچ چاکسازییەکی تێدا نەکراوە.
وتیشی: "لەو ١١٥ هەزار خانەنشینە سەربازییە تەنها نیوەیان ڕاستن، ئەوانی تر حزبەکان بە پلەی جیاواز خەڵکیان خانەنشین کردووە و بەڵگەشمان بۆ ئەوە ئەوەیە ژمارەی مووچەخۆران لای ئێمە جۆرێکە و لە بەغداش جۆرێکە، ئەوەش زۆرینەی ئەوانەن چونکە زۆرینەی مووچەخۆرانی هەرێم سەربازین."
بە پێی یاسای چاکسازی، بەشێكی زۆری ئەو خانەنشینانە پلەکانیان ڕێك دەخرێنەوە و بەشێكیشی هەڵدەوەشێندرێتەوە، بە جۆرێك پێشمەرگەی پلە تایبەت كە پێش ساڵی 1991 پلەیەكی وەرگرتبێت و شایستەی ئەو پلە نەبووبێت یان ئەو پلە سەربازییەی نەبینیوە یاخود هیچ كاتێك پێشمەرگەش نەبووە، ئەوە خانەنشینییەكەی هەڵدەوەشێتەوە، واتە ئەگەر تەمەنی 15 ساڵ بێت و 45 ساڵی تەواو نەكردبێت ئەوا ئەو پلە سەربازییەی كە بە ناشایستە پێی دراوە هەڵدەوەشێتەوە.
هەر بە پێی زانیارییەکانی چاودێر، تەنها لە مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٢ بۆ مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە  ٣٦ هەزار كەس بە پلەی سەربازیی جۆراوجۆر خانەنشین كراون. تەنانەت ٣٠ هەزار ژن بە پلەی پێشمەرگەی شاخ و پلەی بەرزی سەربازی خانەنشین کراون.
ئەوە لەکاتێکدایە، ٤٥%ـی بودجەی هەرێم بۆ بواری سەربازی دەڕوات بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و خانەنشینی سەربازی.
ڕزگار حەمەد مەحمود، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە "چاودێر"ـی وت: "ئەوەی کە تا ئێستا کراوە ئیشکردنە لە خانەنشینانی پلەباڵا، بە جۆرێک خەڵک هەیە بە فەرماندەی لیوا خانەنشین کراوە، بەڵام لێی بپرسی پلەکانی سەربازی نازانێت."
وتیشی: "لیستێکمان بۆ هاتووە بۆ خانەنشینانی ئاسایی سەربازی و داوامان لێ کراوە پێداچوونەوەیان پێدا بکەین."