مەلا بەختیار: ڕۆشنگەری بەدەرە لە ئیلحاد

کوردستان 31/07/2021

 

 

مەلا بەختیار:
دیموكراسی مەحاڵە بێتەدی، ئەگەر رۆشنگەری لەناو كۆمەڵ و ژیانی كۆمەڵایەتیدا، پەرەنەسەنێت!

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ (31/7/2021) لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی شەشەمی دابڕان، لەگەڵ ژمارەیەك لە بازنەكانی هەولێر، مەخمور، بنەسڵاوە، سۆران، رواندوز، خەبات، شارباژێر، دەربەندیخان‌و كەلار كۆبۆوە‌و بەو پێشەكییەی كە (دیموكراسی مەحاڵە بێتەدی، ئەگەر رۆشنگەری لەناو كۆمەڵ و ژیانی كۆمەڵایەتیدا، پەرەنەسەنێت)، كۆبوونەوەكەی دەستپێكردو تیایدا ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە بنەمای دیموكراسی رۆشنگەرییە‌و ئەگەر مێژوو بخوێنینەوەو ئەزمونە دیموكراسییە سەركەوتووەكانی دونیاببینین هەروایە.
سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، رونیشیكردەوە بەراورد بە ئۆرۆپا، وڵاتانی ئێمەو مانان بۆچی بە دواكەوتوییی ماوینەتەوە؟ بەڵام بۆچی ئەوان هەموو دەقیقەو سەعاتێك دەستكەوتێك، پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكیان هەیە؟ بەڵام لەلای ئێمە بەپێچەوانەوە هەر قۆناغێك دێتە پێشەوە، نەك هەفتەو مانگێك، ساڵێك یان دوو ساڵێك جارێك، بیرێكی تازە دێتە پێشەوە، پەرچە كردارە كۆنەپارێزییەكەی زۆر زیاترە لەپشتیوانییەكەی! ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشینەكەمان، پێشینەیەكی دواكەوتووە و نە قۆناغی رێنیسانس و نە چاكسازیی ئاینیمان دیوە، نە رۆشنگەری و نە شۆڕشی پیشەسازیمان دیوە!  بێگومان هەتا ئێستاش لەكوردستان شۆڕشی دیموكراسی لەكوردستان بونی نەبووەو ئەوەی هەبووە، شۆڕشی رزگاری بووە.
مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە هەتا ئێستاش، دەتوانم بڵێم لەشۆڕشی رزگاریداین و بەشێكی بچوكی بەشەكانی كوردستانمان رزگار كردووە‌و سێ‌ بەشی هێشتا داگیركراون، ئەوەی لەكوردستانی باشوریش هەیە، بەداخێكی زۆرەوە هێشتا ژێرخانێكی ئابوری بەهێزمان نییە، هەتا بوترێت هێزی بەرهەمهێنانی نوێمان هەیە، هێشتا چینی ناوەڕاست یان بۆرژوای نیشتمانی دروست نەبووە، هەتا بزانین پەیوەندییە نوێیەكانی بەرهەمهێنانیش لەوڵاتی ئێمە وەكو ئەلتەرناتیڤ چۆن دروستبووە. واتا هێشتا نەژێرخانی ئابوری، نەژێرخانی هێزی بەرهەمهێنانی نوێیە، نە پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانمان، پەیوەندییەكی بەرهەمهێنانی چینی نوێیە، یان پەیوەندی هێزی چینی سەرمایەداری نیشتمانییە، تا بزانرێت چەند ئەو پەیوەندیی و هێزانە لەخزمەتی هێزەكانی بەرهەمهێنانماندایە.
وتیشی: ئەگەر نەتوانین ژێرخانمان، ژێرخانی سەردەمی نوێ‌ بێت‌و باشتر بێ‌ لەژێرخانی سەردەمی داگیركراوی و پەیوەندییەكی بەرهەمهێنانی نوێ‌ بێ‌ بۆ ئەوەی خزمەتی بەرهەمهێنانی نوێ‌ دروستبكات، ناتوانین بڵێین بەتەواوەتی توانیومانە دیموكراسی یان پەیوەندی كۆمەڵایەتی، یان چینایەتی، یان سیستەمی كۆمەڵایەتیمان وا گۆڕاوە، كە ناوی بنێین ئەمە بەتەواوی دیموكراسییە.
بەڵكو ئەمە هەوڵ و سەرەتایەكە بۆ دیموكراسی.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی دابڕان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: لەم سی ساڵەدا بەداخێكی زۆرەوە، لەبەرئەوەی ژێرخانمان لاوازبووە، پەیوەندیی ‌و هێزی بەرهەمهێنانیشمان لاوازە، هەر بۆیە دیموكراسییەكەشمان زۆر زۆر لاوازە. ئەگەرچی نمونە هەیە لەدنیادا، كە بە سی ساڵ سەركەوتنی زۆر گەورە بەدەستهاتووە‌و ئەمەش وادەكات بتوانین ئەزمونی كوردستان، بە ئەزمونە سەركەوتووەكانی تر بەراورد بكەین، وەكو سەنگافورە كە بە سی ساڵ، ئێستا یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا‌و سەرەڕای ئەوەی نەوت‌و غازیشی نییە، بەڵام پاسپۆرتەكەی، یەكەمین پاسپۆرتی دونیایە.
جەختیشیكردەوە: ئەم بەراوردكارییە، ئەركێكی قورس دەخاتە سەرشانی هەموومان، چونكە ئەم بەشە ئازادكراوەی كوردستانی گەورە، سەرەڕای هەڵەو كەموكوڕییەكان ئومێدی هەموو كوردێكە، بۆیە ناكرێ‌ لەبەرامبەر هیچ دز‌و جەردە‌و گەندەڵییەك كۆڵبدەین، بەپێچەوانەوە دەبێ‌ ململانێكە زۆرتر بكەین‌و بەبڕواو مەترسییەكی زۆرترەوە، هەڵوێست وەربگرین، رەخنە بگرین و لەتێكۆشان لەپێناو گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بەردەوامبین.
لەكۆتایی وتەكانیشدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە قۆناغەكە دوای ئەزمونی س ساڵ لەحوكمڕانی پێویستی بەوەیە كە بەڕاستی تێبگەین، كە دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری، ئەركێكی دوانەیە لەپێناو ئەوەی بنەمایەك بۆ دیموكراسی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی دابنێین‌و ئەمەش لێپرسراوێتی تاك بەتاكی كۆمەڵی ئێمەیە، كە خەباتكاری ئەم رێگەیەبین، خەباتكاریش تا نەگاتە ئامانجەكانی كۆڵنادات.
سەبارەت بە سیاسەتی كاركردنی دابڕان و ئەو كەسانەی پێیان وایە دابڕان واتە بێباوەڕی "ئیلحاد"، مەلا بەختیار وتی: "ئیلحاد سوكایەتییە بە خەڵك، بەڵام ڕەخنەگرتن سودی بۆ خەڵك هەیە، ڕۆشنگەری بەدەرە لە ئیلحاد، بەدرێژایی مێژووش وابووە".

وەك مەلا بەختیار باسی كرد "بەدرێژایی مێژوو چەند فەیلەسوفێكی كەمی لێدەرچێت، تەواوی فەیلەسوفەكان بڕوایان بە خودا هەبووە".