داهاتی نەوتی عێراق ٦٢٪ زیادی کردووە

عێراق 30/07/2021

چاودێر

 

داهاتی نەوتی عیراق له‌ شه‌ش مانگی رابردووی ئەمساڵدا به‌ڕێژه‌ی 62% زیادیكردوە‌و داهاته‌كه‌ی گەیشتووه‌تە 33ملیار‌و 180 ملیۆن دۆلار.


به‌گوێره‌ی ئامارە رەسمییەكانی كۆمپانیای نیشتمانی بۆ فرۆشتنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) له‌ شه‌ش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا عیراق 528 ملیۆن و 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە‌و كۆی داهاتەكەی 33 ملیارو 180 ملیۆن دۆلار بووە.


زیادبوونی داهاتی نه‌وتی عێراق له‌مساڵدا له‌كاتێكدایه‌ ساڵی رابردوو عیراق 593 ملیۆن و 170هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردوەو داهاتەكەشی 20 ملیارو 490 ملیۆن دۆلار بووە، بەوەش عیراق بەهۆی پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس، لە شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2021بەڕێژەی لە10.96% بەرهەمهێنانی نەوتی كەمكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتەكانی زیادیكردووە.


تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت لەنیوەی یەكەمی ساڵی 2020 دا 34 دۆلار‌و 61 سەنت بووە، بەڵام لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت 62 دۆلار‌و 81 سەنت بووە،به‌گوێره‌ی ئه‌و نرخه‌ش كه‌ دیاری كراوه‌ بۆهه‌ربه‌ركیلێك له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 و ساڵی 2021 نرخه‌كه‌ی بەڕێژەی له‌81.5% بەرزبووه‌تەوە.