موچەى بەشێک لەپۆلیسی دارستان و ژینگەی کفری دزرا
چاودێر:
ئەمڕۆ سێ شەممە بەشێک لەموچەی مانگی 7ی پۆلیسی دارستان و ژینگەی كفری دزرا.
بەپێی زانیاریییە بڵاوکراوەکان، لیژنەى وەرگرتنی مووچەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کفری چوون لەبانک موچەى کارمەندەکان وەربگرن، دواتر کە گەڕاونەتەوە چوون بۆ چێشتخانەیەک و لەوێ نانیان خواردووە، بەشێکی پارەکەشیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا جێهێشتووە و دواتر دزراوە.
عەمید شوان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیە ئیهمالی کردووە و نەدەبوو بەو جۆرە پارەکە لەنێو ئۆتۆمبێل جێبهێڵن و بچن نان بخۆن، دەبوو ڕاستەوخۆ بگەڕانایەتەوە بۆ بنکە.
ئاماژەى بەئەوەشدا، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە و دواتر هەر ئەنجامێکی هەبێت بڵاویدەکەنەوە.
بەپێی زانیاریەکان بڕی پارە دزراوەکە 250 ملیۆن دینارە.
قازی نەجم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی كفری ڕاگەیاند، لە كاتی گواستنەوەی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرەكاندا لە بانكی كەلارەوە بۆ كفری، لەناو بازاڕی كەلار لەلایەن چەند كەسێكەوە نیوەی پارەی كارمەند و فەرمانبەرانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی كفری دزرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە لیكۆڵینەوەدان بۆ دەستگیركردن و ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە.
ئەمە ڕووداوە لەکاتێکدایە لەچەند ساڵی ڕابردوودا موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی دزرا و دواتر دزەکان دەستگیرکران.