فەرمانڕەوایی ئیخوان لە تونس رووخێندرا

ڕاپۆرت 26/07/2021


قەیس سەعید حكوومەتی هەڵوەشاندە و پەرلەمانیشی داخست
چاودێر: 

نیوە شەوی رابردوو قەیس سەعید سەرۆكی تونس كۆمەڵێك بڕیاریدەركرد بە داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێك و سەندنەوەی پارێزبەندی لەپەرلەمانتاران، دوورخستنەوەی هیشام مەشیشی سەرۆك وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی كابینەی حكومەت، راسپاردنی بەرپرسی ئاسایشی سەرۆكایەتی بە بەڕٍێوەبردنی وەزارەتی ناوخۆ.

ئەم بڕیارانەی سەرۆكی تونس كاردانەوەی لێكەوتەوە بە كودێتا بەسەر دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمین وەسفكرا كە لە دوای 2011و شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیی و رووخانی رژێمەكەی بن عەلی بە هەڵبژاردن دەسەڵاتیان گرتەدەست.

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەرۆك سەعید سوپای تونس لەنێو پایتەخت بڵاوەی پێكرا، رێگری لە چوونە ژوورەوەی راشید غەنووشی سەرۆكی پەرلەمان و رێبەری بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی و پەرلەمانتاران كرا بچنە باڵەخانەی پەرلەمان.

هاوكات هێزەكانی سوپا رێگریان لە كارمەندان و فەرمانبەران كرد بچنە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران.

لەپێش دەرگەی باڵەخانەی پەرلەمان خۆپیشاندانی لایەنگری ئیخوان و لایەنگری سەرۆك بەڕێوەچوو، لەوێ پێكداهەڵپژان و توندوتیژی رووی دا، مشتومڕیش لەنێوان پەرلەمانتاران و سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ هێزەكانی سوپا دروستبوو.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز هیشام مەشیشی سەرۆك وەزیران كە دەنگۆی زۆر لەبارەی چارەنووسیەوە بڵاوكرانەوە، ناوبراو دەستگیرنەكراوە تەنها لەنێو ماڵەكەیدا ماوەتەوە.

لەسەر كاردانەوە نێوخۆییەكان بەشێك لە حیزبەكان پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆكی تونسیان كرد بە دەستووریی نێویان بردن بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی شۆڕش.

لەبەرامبەردا بەشێك لە حیزبەكانی دیكە ئەم بڕیارانەیان بە كودێتا وەسفكرد دژایەتی خۆیان بۆ دەربڕی.

راشید غەنووشی رێبەری بزووتنەوەی نەهزە و سەرۆكی پەرلەمان گوتی: كودێتا بەسەر ئێمەدا كراوە، گەلی ئێمە رازی نابێت.

لەسەر ئاستی دەرەوەیش سوپای نیشتمانی لیبیا پشتیوانی تەواوی بۆ هەنگاوەكانی سەرۆك سەعید راگەیاند، لەبەرامبەردا ئەنجومەنی باڵای دەوڵەتی لیبیا كە لەلایەن ئیخوانەوە بەڕێوەدەبردرێت هێرشی كردە سەر سەعید و بە ئەنجامدانی كودێتا تۆمەتبار كرد.

بەپێی راپۆرتی كەناڵی سكای نیوز، میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئیخوان موسلیمین لە لیبیا كەوتوونە كۆبوونەوە و جموجۆڵ لە سەربازگەكانیان لە نزیك سنوورەكانی تونس، دەشگوترێت جموجۆڵیان هەبووە بەرەو سنوورەكانی تونس.

لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیا و رووسیا داوایان لە هاووڵاتیان كرد خۆیان بپارێزن لەو رەوشەی لە تونس هاتووەتە گۆڕێ، داواشیان كرد ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزرێت.

 ماوەی چەند ساڵێكە ناكۆكی توند لەنێوان ئیخوانی فەرمانڕەوای تونس و بەرەی ئۆپۆزسیۆندا سەریهەڵداوە، دەستی دەرەوەیش هەیە لە خۆشكردنی ئاگری ناكۆكییەكان.

تونس لە دوای میسر دەبێتە دووهەم دەوڵەت كە فەرمانڕەوایی ئیخوانی تێدا بڕووخێندرێت كە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە 2011وە چوونە سەر تەختی فەرمانڕەوایەتی، بەڵام لە هیچ كام لەو وڵاتانە ئیخوان نەیتوانیوە نمونەكی جوانی حكومڕانی پێشكەش بكات.