سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو ئەمریكا بەرێكەوت

عێراق 25/07/2021


چاودێر:
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی  عێراق رایگەیاند، مستەفا كازمی  بەرەو ئەمریكا  بەڕێكەوت   و بڕیارە لەگەڵ  جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا  لەسەر چەند پرسێكی گرنگ گفتوگۆبكەن.
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند، كە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا ماوەی چەند رۆژێك دەخایەنێت كە لە میانیدا پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا لە بوارە جیاجیاكاندا و پرسە دووقۆڵییەكان كە جێگەی بایەخی هاوبەشی هەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەكات.
مستەفا كازمی بەرلەوەی بەرەو ئەمریكا بەڕێبكەوێت رایگەیاند، سەردانەكەی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی عێراق ئەنجام دەدات بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا كە لەسەر بنەمای رێزگرتن و هاریكاری دووقۆڵیی لە بوارە جیاجیاكاندا بنیاتنراوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی ئەنتۆنی بلینكن و فوئاد حسێن وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و عێراق كۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند دۆسییەك كرد.
 هەروەها لەلایەن خۆشییەوە، جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رۆژی دووشەممەی داهاتوو پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات و لەسەر چەند پرسێك گفتوگۆبكەن.