كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رادەگیرێت

ئابوری 19/07/2021

چاودێر: تایبەت
بەهۆی جەژنی قوربانەوە، سبەینێ سێشەممە 20ی تەموز، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، جوڵە و كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، لەنێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان رادەگیرێت.
ئیسماعیل عەلی، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی باشماخ، لەلێدوانێكی  تایبەتدا، بەچاودێری راگەیاند: بەهۆی هاتنی پشووەكانی جەژنی قوربانەوە، تەنها بۆ یەكەم رۆژی جەژن واتە سبەی سێشەممە، مامەڵەی گومرگی دەوەستێت.
روونیشیكردەوە،" راییكردنی كاروباری بازرگانان و شۆفێران، دەكەوێتە دوو سبەی واتە چوارشەممە، دووەم رۆژی جەژن".
سەبارەت بەهاتن و چوونی گەشتیارانیش، ئاماژەی بەوەكرد: هاتووچۆی هاووڵاتی ئاسایی دەبێت، بۆ ئەوانەی مەرجەكانی گەشتكردنیان تێدایە.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، هاوسنوورە لەگەڵ شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەكەوێتە سنووری قەزای پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی.