ئاوڕێک لە رەوشی ئێمە.. حزبایەتی وەک نمونە

کوردستان 19/07/2021


بەهرە حەمەڕەش      
ئەگەر بمانەوێ خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ دۆخی حزبایەتی، گروپ و رێکخراوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان بکەین، دەبێ دوورونزیک بۆ ژینگە و پاشخانی هاتنە کایەی ئەم دامەزراوانە بگەڕێینەوە. رۆژهەڵاتی ناوین بە کۆمەڵێک قۆناغ و وێستگەی مێژوویدا تێپەڕیوە، ئاماژەکردن بەم وێستگانە بەرچاورونی باشترمان دەداتێ لە سەر پەیدابوونی ئەم چەمکانە و بە دەزگا و دامەزراوەکردنیانەوە.
کاتێک کەرەستە و فۆرمەکانی ژیان گۆڕانکارییان بەسەردادێت، مامەڵە لە گەڵ بەرهەمەکانی مۆدێرنێتە دەکەین و بەشداری ئەم گوندە جیهانییە دەکەین، کە ئەم گۆڕانکارییە دروستی کردووە، بەڵام بە هەمان عەقڵیەتی سەدەیەک بەر لە ئێستا، کە سستمی دەرەبەگ و دیوەخان بوو تێیدا بەهێز و بێهێز حوکمی دەکرد، تووشی دوئالیزمێکی کوشندە دەبین، کە ئەوەتا ئێستا ئەو دەزگا و دامەزراوانە بەڕێوە دەبات، کە لە فۆرمدا مۆدێرن، بەڵام لە ناوەرۆکدا دیوەخانن.
ناوچەکە کەم و زۆر گۆڕانکاری و پێشکەوتنی لە رووی مێنتاڵەوە بەخۆیەوە بینیوە، قۆناغ بەقۆناغ سودیان لە پێشکەوتنە عەقڵییەکانی جیهان بینیوە و مامەڵەی لە گەڵ دەکەن، بەڵام ئەوەی لە ئۆتۆمبیلی دوا مۆدیلەوە پیاوەکان لە پێشەوە قۆڵ دەردێنن و ژن و منداڵەکان دەخەنە پشتی پیکەبەکانیان کوردە. ئێمەین، کە لە جیاتی پێشکەوتن و توند دەستمان بە هەندێ نەریتی نا مرۆیی و دواکەوتووی خۆمانەوە گرتووە و شانازیشی پێوە دەکەین!
ئەگەر ئاماژە بە تورکیا/ ریفۆرمەکانی سوڵتان مەحمودی دووەم/ 1785.07.20 ــ 1839.07.01 بکەین. ئەم سوڵتانە کۆتایی/ 1826 بە سەر لەشکری ئینکیشاری هێنا و بە یارمەتی شارەزا و زانایانی ئەوروپا لەشکرێکی مۆدێرن بە جل و عەقڵێکی مۆدێرن و مەدەنی دروستکرد. دەتوانین بڵێین ئەم ریفۆرم و هەوڵانە سەرەتایەک بوون، بۆ مەدەنیەت و سیکۆلاریزمی تورکیا. دیارە دوای 69 ساڵ لە مردنی سوڵتان مەحمودی دووەم، کۆمەڵەی "ئیتیحاد و تەرەقی/ 1908" دامەزرا. ئەم کۆمەڵە بۆ نەتەوەسازانی تورک بووە چەترێک دژی دوژمنەکانی تورک، بە هەمان شێوە بووە چەترێک بۆ یەکگرتنی نەتەوەی تورکیش.
دوای ماوەیەک عەرەب، ویستی لاسایی تورک بکاتەوە و چەمکی عروبەیان هێنایە ئاراوە، راستە عەرەب توانی بەم چەمکە، رەشماڵێک دژی داگیرکارانی دروستبکات، بەڵام نەیانتوانی بیکەنە رەشماڵێك بۆ یەکگرتنی نەتەوەی عەرەب، لە بەر ئەوە عەرەب یەک نەتەوەبوو، بوونە 22 دەوڵەت.
کوردیش بە هەمان شێوە، چەمکی کوردایەتییان ئافراند و هەمان ئەزمونی عەرەبیان دووبارە کردەوە. لە رێگەی ئەم چەمکە کورد بووە دژی داگیرکاران، کە توانی قەوارەیەک دروستبکات. بۆ نموونە "بەرەی کوردستانی/ 1988" دروستبوو، بەڵام بەداخەوە کوردایەتی نەبووە ڕەشماڵێک بۆ یەکگرتنی کورد وەک نەتەوە. کەواتە لە سەر ئەم پاشخانی کوردایەتییە، پارت و پێكهاتەی کورد دروست بوو. ئیتر پەیدابوونی حزب، کە کۆمەڵگە بگەیەنێت ئاستی سەرەوەی ماڵبات، قەبیلە و عەشیرەت، پێویستی بە جۆرێکی دیکە لە رێکخستن دەبێت، وەکو سەندیکا، کۆمەڵە و پارت، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە جل و بەرگێکی مۆدێرن و بە ناوەرۆکێکی زۆر کۆنەوە دروستبوون و تا ئێستاش بەردەوامن.
ئەزمونی ئەم 30 ساڵەی حوکمڕانی باشور و پێشکەوتنی شۆڕشی گلۆبال، زۆر شتی بەرچاوخست، ئەم رەوشەی، کە ئیستا لە باشور دەگوزەرێت، مرۆڤ تووشی پرسیارێکی زۆر جددی دەکات، کە بۆچی ئەوەی دوژمنانی ئێمە پێیان نەکرا، حزبە کوردییەکان بەو پەڕی بێباکییەوە دەیکەن؟! هەر هەنگاوێکی رژێمی دڕندەی بەعس ئیتیمای بۆ خاک و نەتەوە پتەوتر دەکرد، بەڵام هەر هەنگاوێکی ئەم حزبانە خەڵک دووردەخاتەوە لە وابەستەبوونیان بە خاک و نەتەوە. ئەمە بە ئاگا بێت یان بێ ئاگا، تاوانێکی گەورەیە لە هەمبەر خەبات و قوربانیدانی سەدساڵەی ئەم میللەتە دەکرێت!
دوژمنانی ئێمە کوردستانیان کردە چوارپارچە، حزبەکانیش پارچەیەک دەکەنە دووپارچە. ئەوەش بۆمان دەردەکەوێت، کە دەستپێکردن و بەردەوامبوونی پارتەکانی کوردستان بەشێوەیەکی تەندروست نەبووە و هەوڵی ئەوەش نەدراوە. ئەوەی ئەم تاوانە خەستتر دەکاتەوە، خستنەگەڕی ئەم هەموو مەکینە ئیعلامییە بێسەر و بەرەیە، کە بە دەست خەڵكی نەزانەوەیە، ئەوانیش بە ئاگا و بێ ئاگا، کەوتوونە وێزەی ئینتیما و وابەستەبوونی خەڵک بە خاک و نەتەوە. ئەم دەزگا راگەیاندنانە نەک هەر لە بەرژەوەندی نەتەوە کارناکەن بەڵکو لە بەرژەوەندی حزبیش نین و خراونەتە بەرژەوەندی کەس و گروپ.
ئەم پشێوییەی باسی دەکەین، راستە بەشێکی پەیوەندی بە کارکردنی وڵاتانی داگیرکار و دەزگا موخابەراتییەکانی ئەوانەوە هەیە، کە لە رێگەی میدیای بەناو ئازاد و کاری رێکخراوەییەوە، خزیونەتە ناو بیروباوەڕی خەڵک، بەڵام بەشەکەی تر خودی حزبەکان لێی بەرپرسیارن، کە رێگایان بۆ ئەم نەهامەتییە خۆشکردووە بەسەر ئەم خەڵکەدابێت و خەڵکی ماستاوچی و بەرژەوەندیخوازیان کردووەتە کاربەدەست و جومگەکانی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەیان بە دەستەوەیە.
لە بەرئەوە ئەو کێشانەی، کە لە نێوان و لە ناو خودی پارتەکانیش دروست دەبێت، دەرئەنجامی ئەم پاشخانەیە، هەڵبەت دەبێ ئەوە لە بیر نەکەین، کە رۆژهەڵات بە گشتی لە نێوان بەرداشی دەست لە پشتدانی فکری کۆن و گروپە رادیکاڵەکان لە لایەک و  هێرشی تەکنەلۆژیا و گلۆبال لە لایەکی ترە. ئەمەش وایکردووە، دوئالیزمێک لە کاراکتەری مرۆڤی ئەم دەڤەرە و کوردیش لە ناویدا دروست دەبێت. بە شێوەیەکی زیاتر، چونکە کورد هەم لە رووی عەقڵ و هەم خاکەوە داگیرکراوە، بەم رەوشە حزبایەتی لە دەرەوەی واقیعبینی تووشی شۆکی ناکات، پێی ئاساییە، کە کار لە بەرژەوەندی دوژمنانی بکات.
هەروەها ئەو ناکۆکیانەی، کە لە نێوان دووبەرەی شیعە و سوننە، ئێران و تورکیا، روسیا و ئەمریکا، کە لە ناوچەکە دەکرێت. هەڵبەت ئەم کاراکتەر، عەقڵ و توانایە، سەختە بتوانێ ئیدارەی هەموو گرفت و قەیرانەکان بکات. ئەمەش بارگرانییەکی دیکەیە بۆ پارتە کوردییەکان، چونکە کورد دەوڵەتی نییە، ئاسانتر دەتوانرێت وڵاتان بیکەنە گۆڕەپانی تەراتێن و یەکلاکردنەوەی ململانێکانی خۆیان. پارتە کوردییەکان، ناچارن بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ رۆڵی دەوڵەت ببینن. بۆیە ناکرێت لە سەر بنەمای هەست و حەز خەونی خۆش دروست بکەین. ئەمجۆرە بابەت و رەوشە، پێویستی بە زیاتر لێکۆڵینەوە، میزگرد و قسەکردنە. ئەم رەوشەی، کە ئێستا هەیە، حزب وەک دەزگایەک پێویستی بە چاودێری و دەوڵەمەندکردنە بە فکر، چونکە کاتێک لاسەنگی لە نێوان هزر و هێز دروستبوو یان کە هێز سەردەستی هزربوو، ئەوکاتە شتێکی ئاسایی دەبێت، کە چارەسەری قەیران و کێشەکان لە جیاتی دیالۆگ بە هێز ئەنجامبدرێت.
ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت، کە رەوشی ئەمنی، هەبوونی داعش و هێزەکۆنەپەرستەکان و دەستوەردانی دەوروبەر، وادەکات پارتە کوردییەکان زیاتر گرنگی بەبواری هێز و ئەمنیەت لە بواری هێز و رۆشنبیری بدەن، بەڵام دیارە ئەمەش باجی خۆی هەیە، کە ئەمڕۆ دەیبینین.
لە ئەنجامدا، ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە کە دەبێت کورد ژوری لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی رەوشی ئەمڕۆ و بەیانی دروست بکات، چونکە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بین، چارەنوسمان دەکەوێتە دەستی نەیاران. لە بەرئەوە چەند زووتر ئاوڕ لە چارەسەرکردنی کێشەکان بدەینەوە، ئەروەندە لە قەدەرەکان دوور دەکەوینەوە.