دەربارەی ڕووداوەكانی نێوخۆی یەكێتی ئەم پۆپەشمینە بەهەموو كەس ناڕسترێ‌

کوردستان 18/07/2021

چاودێر - كاوە عەبدوڵڵا (كاوەی عەبە جۆڵایی)

باوكم بۆی گێڕامەوە، باپیرەم یادی بەخێر، هەر كەسێكمان بهێنایە بۆ شاگردی یان خۆی بهاتایە، پاش ئەوەی پرسیارێكی لێدەكرد مەرەخەسی دەكرد. یان هەر هەفتە و دە رۆژێك دواتر روپیەو چەند فلسێكی پێدەدا و پێی دەیگوت رۆڵە بڕۆ خوات لەگەڵ. تۆ ئەهلی ئەم هونەر و سەنعەتە نیت. پۆ پەشمین بەهەموكەس ناڕسترێ‌. باپیرەم هەمیشە دەیگوت تا نەزانی داو و دەزوو چیە ‌و مەرەزت خۆشنەوێ‌، خوریت قەت نابێ‌ بەریست.


بەم گێڕانەوەیە و گێڕانەوەیەكیش لەسەر سێھەمین كۆنگرە، دەمەوێ‌ لەسەر بەردەوامی روداوەكان، سەرنجێك كورت و پوخت بڵێم.
  ئەوكاتەی دەنگەكان جیاكرانەوە و دەرچوەكانی كۆنگرە یەكلا بونەوە، ناوەكان برابونە خزمەتی جەنابی مام جەلال، مامیش كە ناوەكان دەبینێ‌ توند بەچۆكی خۆیدا دەكێشێ‌ ‌و دەفەرموێ‌ بەداخەوە ئەمانە لەئاستی سەركردایەتی یەكێتیدا نین. زۆرن ئەوانەی شاهێدی ئەم روداوە بون و گێڕاویانەتەوە.


مام جەلال بۆ سەركردایەتی كۆنگرەی سێ‌ وای گوتبێ‌، ئەی دەبێ‌ بۆ ئەم سەركردایەتیەی كۆنگرەی چوار چی بڵێ‌؟ كە دوای ئەو هەمو ساڵە لەچاوەڕوانی، نەیتوانی ‌و پێی نەكرا پۆپەشمینی چاوەڕوانی تێكۆشەرانی دێرین و نوێ‌ ‌و كادرە خوێندەوارو زەحمەتكێشەكانی بڕێسێ‌ و هێشتا ساڵێك تێنەپڕی تەون و داو و دەزوەكەشیان هەمو پچڕان. لەكاتێكا چاوەنواڕبوین گرێكان بكرێنەوە، كەچی گرێی ئاسایان کردە گرێ کوێرە و دۆست و دوژمنیش هەمو بوینە شاهێدی روداوەكانی چەند رۆژی رابردو، بەداخەوە قسەكەی مەلا بەختیار راستە دەرچو.


بێگومان ئەمن حورمەتم بۆ دانە بەدانەی هەر 124 سەركردایەتیەکە هەیە، كە زۆربەیان لەپێش كۆنگرە ناویانم نەبیستبو، بەڵام روداوەكان دەریخست ئەو زۆرینەیە باپیرەم گوتەنی، ئەهلی ئەم هونەر و سەنعەتە نەبون ‌و وەك زۆرینەی هەرە زۆری ئەندام مەكتەبەكان، قائیمەی تەكەتول لەپردی سیراتی كۆنگرە پەراندونیەوە، ئەگەر وانیە بۆ لەساڵێكی دوای كۆنگرە، چوار رستەی موفید و كۆڕێكی فكری و چوار وتاری سیاسی فەلسەفی و دو خوێندنەوەی جوان بۆ روداوەكان ‌و پێشنیارێكی بەجێیان بۆ دەربازبون لە قەیرانەكان نەكرد و لەقسەی رەق و تەق ‌و هەڵشاخان بە ئەم و ئەودا، كەس هیچی تری لێنەبیستن. جگە لە ئەتوار و رەفتاری تریش!


بەڵام خوا هەڵناگرێ‌ تەنها لەیەك شتدا باشبون، لەوەی بەچاوی دوژمن و نەیار سەیری هەمو ئەو كادرانە بكەن كە لەگەڵ سەركردایەتی پێشو كاریان كردوەو بەدەردێكیان بردن، كە لەژیان ‌و ماندوبونی چەندین ساڵەیان بۆ یەكێتی پەشیمانیان كردنەوە.
ئاخر چۆن دەبێ‌ هیچ لەمەرەزو داو دەزو نەزانیت ‌و خۆت بكەیت بەوەستای كارامەی رستنی پۆپەشمینی ئومێد و چاوەڕوانیەكانی روباری خوێنی شەهیدان ‌و سەدان هەزار كەسوكاری شەهید و تێكۆشەر؟


ئاخر كەی رەوایە بەڕێزی سەركردایەتی و ئەندام مەكتەبی بەڕێز، بەهەواڵی فەیسبوك سیاسەت بكات و بەپێی روداوەكان رەسمی پرۆفایلەكەی بگۆڕیت. زۆرێكمان بینی هەر بەهیلاك چون ‌و هەر فریا دەكەوتن رەسمی پرۆفایلەكانیان لەگەڵ ئەو هاوسەرۆكدا لابەن و بەپەلە رەسمێك یان ڤیدۆیەكی جەنابی مام جەلال دابنێن ‌و بنوسن ئامۆژگاریەكان و وانەی مام بۆ دوێنێ‌، ئەمڕۆ و سبەینێكانیش. یاخود هەن كەوتونەتە كۆكردنەوەی چەند تێكۆشەرێكی دێرین ‌و داوای مۆڵەتی بینین ‌و دیداری ئەم هاوسەرۆك و ئەو سەركردەو تێكۆشەری پێشوی مەكتەبی سیاسی دەكەن؟ بەڵكو شەفاعاتێكیان بۆ بكرێ‌.


زۆر بەداخم بۆ ئەم دۆخە، چونكێ‌ یەكێتی بێ‌ دوژمن و نەیار نیە، بەڵام لەسایەی ئەو هەمو ئەو خوارو خێچیەی وایكرد ئەو گۆڕانكاریانە بەو شێوەیە بڕیاری لێبدرێ‌، دەبێ‌ بڵێم كۆنگرەی چوارهەم هەر چوارچێوە بو، نەخشی پۆپەشمینی نەبو.
ئەگەرچی ئێستاشی لەسەربێ‌، رام وەهایە دەبێ‌ جلی پیس هەر لەماڵی خۆماندا بشۆین. بەڵام كە رەفتار و وتەی كەسانێكت لەسەر مینبەر بیردێتەوە، كاتێك بەشان ‌و باڵی خەڵكانێكدا هەڵیاندەداو دەیانكرد بەنمونەی باڵا، كە رۆژگارێك لەئۆرۆپا بەرشدی كاریكردبوو تا یەكێتی خستبوە لیستی رەشی تیرۆرەوە، كەچی كاكی لێپرسراوی تازەی دوای كۆنگرە بێ‌ خەبەر بوو!


هەر لەبەر هەمو ئەمانە، پلینۆم نا بەڵكو بڕیاری كۆنگرەی پێشوەختە بە ئەركی گەورە و ئەخلاقی دەزانم و دەبێ‌ یەكێتی سەركردایەتیەكی هەبێ‌ كە بەم گۆڕانكاریانە، بچێتەوە جێگەی راستەقینەی خۆی و لەجێگەی ململانێ‌، ململانێ‌ بكات ‌و لەسەنگەری شەڕو ئەقڵیشدا، ئەو سوارچاكە بێ‌ كە هەبوە. تا پۆپەشمینی ئومێدی ئێمەش سەوزبێ‌ سەوز.