بەشار ئەسەد بۆ جاری چوارەم وەک سەرۆکی سوریا سوێندی یاسایی خوارد

جیهان 17/07/2021

چاودێر

 

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سوریا سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەشار ئەسەد لەبەردەم ئەنجومەنی گەلی وڵاتەكەی وەك سەرۆكی سوریا بۆ جاری چوارەم سوێندی یاسایی خوارد.


میدیاكانی سوریا بڵاویانكردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆكی هەڵبژێردراوی سوریا لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی گەل و بە ئامادەبوونی كەسایەتییە سیاسی و ئایینی و رۆشنبیری و هونەری و وەرزشی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو وڵاتە وەك سەرۆكی سوریا سوێندی یاسایی خوارد .


دوای سوێند خواردنی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا رایگەیاند، هۆشیاری گەل قەڵا و پشتیوانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەكان.


رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ لەدوای 10 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شۆڕشی سوریا، بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنی گشتی لە سوریا بەڕێوەچوو.


لە ھەڵبژاردنی سوریادا سێ کاندید رکابەرییان كرد بۆ بوون بەسەرۆكی سوریا ئەوانیش “بەشار ئەسەد و عەبدوڵا سەلوم عەبدوڵا و مەحمود رەبعی” بوون، لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆسەكە پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەبوون کە بەشار ئەسەد دەبێتەوە بە سەرۆکی سوریا.


هاوكات دوای تەواوبوونی پرۆسەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوریا، بەشار ئەسەد دوای ئەوەی بۆ جاری چوارەم خۆی كاندیدكردبوویەوە توانی 13 ملیۆن و 540 هەزار دەنگی دەنگدەرانی سوریا كەدەكاتە رێژەی 95.1%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.