قوربانییانی لافاوەکەی ئەورووپا گەیشتە ١٢٠ کەس

جیهان 16/07/2021

چاودێر

 

بەرپرسانی ئەڵمانیا و بەلجیکا دەڵێن، لانیکەم 120 کەس لە خەڵکی وڵاتەکانیان بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە؛ هەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی دەیان کەس کە بێسەروشوێنن، بەردەوامن.

بەرپرسانی هەرێمی غاینلاند فالتسی رۆژئاوای ئەڵمانیا رایانگەیاند، 60 کەس لە هەرێمەکەیان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە. لە هەرێمی نۆردغاین فێستفاڵینی رۆژئاوای وڵاتەکەش 43 کەس گیانیان لەدەستداوە.

فرانک وۆڵتەر شتەینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا رایگەیاند، زیانی باران و لافاوەکە تووشی شۆکی کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پاڵپشتیی ئەو خێزانانە دەکات ئەندامیان لەدەستداوە و یارمەتی پێشکێشی ئەو شار و شارۆچکانەش دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.

بەرپرسانی شاری کۆڵن لە هەرێمی نۆردغاین فێستفاڵین دەڵێن، ژمارەیەک کەس بەهۆی رووخانی خانووەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1300 کەسیش وەکو بێسەروشوێن ناویان تۆمارکراوە.

باران و لافاوەکە لە بەلجیکاش زیانی زۆری هەبووە، لەوانەش گیانلەدەستدانی 23 کەس، بێسەروشوێنبوونی دەیانی دیکە و مانەوەی 21 هەزار کەسی دیکە بەبێ کارەبا.

ئەلێکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند، زیانی لافاوەکە زۆرە، هەربۆیە حکومەت باری نائاسایی راگەیاندووە. سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بەوە کرد، دۆخەکە لە هەندێک شوێن بە دژواری ماوەتەوە و رۆژی سێشەممەش رۆژی ماتەمینیی نیشتمانی دەبێت.

لە هۆڵەنداش لافاوەکە رێگەی دەیان گوندی گرتووە و لە ناوەندی بەشێک لە شارەکان ماڵەکان ژێرئاو کەوتوون.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، هاوشێوەی بەرپرسانی ئەڵمانیا، هۆکاری کارەساتە سرووشتییەکەی رۆژئاوای ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.