بکوژی هیشام هاشمی چیرۆکی کوشتنەکەی دەگێڕێتەوە

عێراق 16/07/2021

چاودێر

تۆمەتباری سەرەکیی تیرۆرکردنی ھیشام ھاشمی، توێژەر و چالاکوانی عێراق کە ئەفسەری پۆلیسە لەدانپێدانانەکانیدا دەڵێت، " بەدوو ماتۆڕسکیڵ چووینە بەردەم ماڵەکەی و دوای ئەوەی گەیشتە بەردەم ماڵەکەی و لەئۆتۆمبێلەکەی دابەزی من چەند گولەیەکم بەدەمانچە حکومییەکەمەوە پێوە نا".   

ئەمڕۆ ھەینی ١٦ی تەموزی ٢٠٢١، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی بکوژی ھیشام ھاشمی ڕاگەیاند و دواتریش دانپێدانانەکەی بڵاوکرایەوە.   

لەڕاگەیەنراوێکدا دەزگا ئەمنییەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ھەینی (١٦ی تەمموزی ٢٠٢١ ) بڵاوی کردەوە، دوای ھەوڵێکی زۆری دەزگاکانیان توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (ئەحمەد حەمداوی و عوێد ) دەستگیر بکەن کە ئەفسەری پلە یەک بووە لەھێزەکانی ناوخۆ و دوای لێکۆڵینەوەش دانی بەتاوانەکەیدا ناوە بەوەی ھیشام ھاشمی کوشتووە.  

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، بەپێی پشکنینەکان بۆ دەمانچە و سەرجەم بەڵگەکان ناوبراو تاوانەکەی ئەنجامداوە و دادگا بەئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و پارێزگاری تۆمەتبار بەڵگەکانی سەلماندووە و تۆمەتباریش لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوردەکاری کردەوەکەیدا ناوە.  

ھاوکات لەگرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی تۆمەتبارەکەدا کە لەلایەن دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبار ئەحمەد عوێد دەڵێت، " نزیکەی کاتژمێری ٧ی سەر لەئێوارە بوو کۆبوینەوە و چووینە دەرەوە، دوو ماتۆڕسکیڵ بووین، زەھرا و ئەوانەشی لەگەڵم بوون یەکی دەمانچەیەکمان پێ بوو، کە دانەیەکی دەمانچەی کڵۆک بوو."  

دەشڵێت، " دواتر لە بوعەیسە لەسەر پردەکەی زەعفەرانیەوە محمەد قاسمیشمان ھەڵگرت و بەرەو زیونە ڕۆشتین و چوینە باخچەیەکی گەڕەکەکە نزیکەی کاتژمێرێکمان پێ چوو، دواتر بینیمان ئۆتۆمبێلێکی پڕادۆ لەبەردەم ماڵەکەی ھیشام ھاشمی دا ڕاوەستا".  

لەدرێژەی دانپێدانانەکانیشدا عوێد باسی لەوەش کرد، " کە بینیم ھیشام ھاشمی دابەزی لێی نزیک بوومەوە و ئەو دەمانچە حکومیەی کە پێم بوو دەرمھێنا و چەند فیشەکێکم پێوە ناو دواتر ماتۆڕسکیلەکان ھاتن و یەکێکیان ھەڵیگرتم و ڕامانکرد".