ئەردۆغان لە دوای میسر رووی لە ئیسرائیل كردەوە

ڕاپۆرت 14/07/2021

چاودێر: 

توركیا لە دوای میسر هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێكرد، ئەمەش لە دوای دەستپێكردنی گفتووگۆ لەنێوان میسر و توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەسەر خواستی ئەنقەرە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئیسرائیل پێوەندیی كرد بە سەرۆكی نوێی ئیسرائیل ئێسحاق هرتسوغ، لە پێوەندییەكەدا وێڕای پێرۆزبایی وەرگرتنی پۆستی نوێ لە سەرۆكی ئیسرائیل،  گوتی: پێوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل گرنگیی زۆریان هەیە لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی:  توركیا و ئیسرائیل توانایەكی گەورەیان هەیە لەسەرجەم بوارەكاندا بەتایبەت بواری وزە و گەشتوگوزار و تەكنۆلۆژیا.

سەرۆكی توركیا زیاتر گوتی: كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێدادەگرێت لەسەر گەیشتن بە چارەسەری دوو دووڵەت بۆ كێشەی عەرەب و ئیسرائیل لە چوارچێوەی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

بە گوتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر هەنگاوێگ لە بارەی چارەسەركردنی كێشەی عەرەب ئیسرائیلەوە پێوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا دەخاتە سەر رێگایەكی باش. 
 
توركیا یەكەم دەوڵەتی زۆرینە مسوڵمانە لە ساڵی 1948 دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی جولەكە ددانی بەم ئەم دەوڵەتەدا نا.

لە دوای 2001 و هاتنەسەری كاری پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیا كە پارتێكە باكگراوەندی ئیسلامیی هەیە ساردوسڕی كەوتە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات.

ناردنی كاروانێكی هاوكاری توركیا بۆ غەزە و هێرشی ئیسرائیلییەكان بۆ سەر كاروانەكە، گرژی لەنێوان هەردوولایەندا دروستكرد توركیا داوای كرد ئیسرائیل داوای لێبووردن بكات، بەڵام رەتیكردەوە.

لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا توركیا زۆرترین گرووپی ئیسلامی سیاسی و چەكداری لەخۆی كۆكردووەتەوە و وەك رێبەری مسوڵمانان ئەردۆغان خۆی دەناسێنێت، لەسەر لێدوانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەسەر ئاین و كێشەی غەزە رێبەرایەتیی هەڵمەتی ناڕەزایەتی فراوانی لەنێوخۆ و دەرەوەی توركیا كردووە و داڵدەی گرووپی ئیخوان موسلیمینی داوە و پێوەندییەكانی لەگەڵ میسر گرژكردووە لەدوای دوورخستنەوەی ئیخوان لە حكومی میسر.

بەهاری 2021 لەگەڵ كەڵەكەبوونی كێشەنێوخۆییەكانی توركیا و داتەپینی ئابوورییەكەی و سەرهەڵدانی ناڕەزایی نێوخۆیی و چەندین حیزبی نوێی ئۆپۆزسیۆن و گرژبوونی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و میسر و دەوڵەتانی كەنداو، توركیا پاشەكشەی كرد.

توركیا لە یەكەم هەنگاودا گرووپی ئیخوانی تەنگەتاوكرد كاری مێدیایی و چالاكییەكانی لەنێو توركیا راگرتن و مەترسی رادەستكردنەوەی سەركردەكانی ئیخوانیش هەبوو، ئەمانە بۆ ئەوە بوون عەبدول فەتاح سیسی سەرۆكی میسر رازی بكەن بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی قاهیرە و ئەنقەرە.

ماوەی رابردوو قۆناغی یەكەمی گفتووگۆی میسر و توركیا بەڕێوەچووە و چاوەڕێی ئاسایبوونەوەی پێوەندییەكان دەكرێت.

جەند جارێكیش گەورە بەرپرسانی توركیا خوازیاری خۆیان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی  و ئیمارات نیشان داوە.

هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل هەنگاوێكی نوێی ئەنقەرەیە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكەی، بەڵام دوور نییە گرووپە ئیسلامییەكان و جەماوەریی ئیسلامی لەنێوخۆ و دەرەوەی توركیا لەخۆی نیگەران بكات، چونكە ئەم گرووپانە بوونی هەر پێوەندییەك لەگەڵ ئیسرائیل بە یاساغ دەزانن.