دوای نۆ مانگ ڤان دایك مەشقەكانی لەگەڵ لیڤەر دەستپێكردەوە

وەرزش 13/07/2021

دوای نزیكەی 9 مانگ دابڕان لەیانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی فریگل ڤان دایكی هۆڵەندی و سەركردەی هێڵی بەرگری یانە ئینگلیزیەكە پەیوەندی بە مەشقەكان كردەوە، پێكانەكەی ڤاندایك دەگەڕێتەوە بۆ 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، كە لە سەرەتای دەستپێكی یاری یانەكەی لەگەڵ ئێڤەرتۆن توشی پێكانێكی قورس هات لە ئەژنۆكانیدا.
بەهۆی پێكانی ڤاندایك و چەند یاریزانێكی هێڵی بەرگری تر لێڤەرپول وەرزی رابردوی زۆر بە قورسی بەرێكرد بۆیە یورگن كلۆپی راهێنەر ناچار بوو پەنا بەرێتە بەر یاریزانە لاوەكان كە ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ دروستكردو راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاستی یانەكە كرد.
جگە لە ڤان دایك كە بەشداری مەشقەكانی لیڤەرپولی كرد لە نزیك شاری سالزبورگی نەمساوی هەریەكە لە جویل ماتیپ و ئالكسەندەر ئارنۆڵد دوای چاكبونەوەیان ئەوانیش بەشداری راهێنانەكانیان كرد، وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ وەرزی نوێ كە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی ئابدا خولی پریمەرلیگ دەستپێبكاتەوە.