ئۆپۆزسیۆن بە كاندیدێكی بەهێز رووبەڕووی ئەردۆغان دەبێتەوە

ڕاپۆرت 12/07/2021

چاودێر: 

بەپێی توێژینەوە و راپرسی و بۆچوونی چاودێران هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ خولێكی دیكە لە هەڵبژاردنەكانی 2023 مەحاڵە، بۆ گرەنتیكردنەوەی دەرچوونەوەشی ئەردۆغانی سەردانی شاری ئامەدی باكوری كوردستانی كرد، لای خۆشیانەوە ئۆپۆزسیۆنی توركیا خۆیان بۆ شەڕێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ ئەردۆغان ئامادە دەكەن بە دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش.

بەپێی ئەو راپرسی و توێژینەوە و پێشبینیانەی چاودێران دەیكەن مەحاڵە رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێكی دیكە لە هەڵبژاردنەكانی 2023 دەربچێتەوە.

چاودێران باس لە كۆمەڵێك هۆكار دەكەن كە دەبنەهۆی دەرنەچوونەوەی ئەردۆغان لە گرنگترینیان خراپبوونی رەوشی ئابووریی توركیا و دابەزینی بەهای لیرە، تێكچوونی پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی و كاریگەری لەسەر ئابووری توركیا بەهۆی سیاسەتی دەرەوەیی ئەردۆغانەوە، هاوكات پێكهێنانی بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن كە ژمارەیەك سەركردەی پێشووی كاریگەریی حیزبی فەرمانڕەوای تێدایە لەوانە ئەحمەد داود ئۆغلۆ و عەلی باباجان.

لە چەند رۆژی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا سەردانی شاری ئامەدی باكوری كوردستان لەوێ لە گوتاری خۆیدا هێرشی توندیكردە سەر هەدەپە و پەكەكە و یەپەگە بە تێكدانی پرۆسەی ئاشتی تۆمەتباریكردن، هاوكات گوتیشی: ئەو لایەنانە بوون بەڵا بۆ براكوردەكان تەنانەت بۆ باكوری عێراقیش.

هاوكات حیزبی فەرمانڕەوای توركیا ئاكپارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی مەهەپە هەوڵەكانیان بۆ داخستنی هەدەپە چڕكردووەتەوە لەگەڵ رێگری كاری سیاسی لە زیاد لە 400 سەركردەی هەدەپە.

ئێستا داوای داخستنی هەدەپە لە دادگای دەستووری توركیایە و چاوەڕێی پەسەندكردنی دەكرێت.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ باكوری كوردستان بۆ راكێشانی سۆز و دەنگی كوردە بۆ ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، هاوكات داخستنی هەدەپەش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییانە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.

لای خۆیەوە كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و پارتی گەلی كۆماری جەهەپە، ئاشكرایكرد وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە لە چەندین حیزب پێكهاتوون كاندیدی هاوبەشیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەمە كاندیدی تەنها جەهەپە نابێت.

یەكێتیی ئەوروپاش لە سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیا نیگەرانە، تادێت رەخنەكانی توندتر دەكات بەتایبەت لەسەر دۆسێی داخستنی هەدەپە.

چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنەكان ململانێكان چڕتر ببنەوە و پێشبینییەكانیش بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو زیاتر دەربكەون، بڕیاری دۆسێی داخستنی هەدەپەش بە هەر بارێكدا دابێت كاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی دەبێت.