لیستێكی نوێی دابەش كردنی مووچە بڵاوكرایەوە

ئابوری 08/07/2021

چاودێر: تایبەت
دابەش كردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەسستی بەڕێوە دەچێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، مووچەی سێ وەزارەتی دیكە دابەش دەكرێت.
بەپێی لیستی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، كە وێنەیەكی بۆ چاودێر، نێردراوە، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، 11ی تەموزی 2021، مووچەی وەزارەتەكانی كارەبا، شارەوانی و گەشتوگوزار، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەكرێت.
لە25ی حوزەیرانەوە كە دەكاتە 14 رۆژ، دابەش كردنی مووچە دەستیپێكردووە، هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەت و دەستە و سێ سەرۆكایەتییەكە و خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی نەدراوە.
ماوەی دوو مانگە حكومەتی هەرێم و بەشێك لەپەرلەمانتارانی پارتی، نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانیان كردۆتە پاساو بۆ خاوی دابەش كردنی مووچە.
لەئێستادا داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان تەنیا بەداهاتی فرۆشتنی نەوت زیاتر لەیەك تڕیلۆن دینارە و دابەش كردنی مووچەی تەواو بەرێژەی لە100% پێویستی بەنزیكەی 850 ملیار دینار هەیە.
جگە لەداهاتی نانەوتی داهاتی هەرێم لەرێگەی زیادكردنی باج و خاڵە سنوورییەكان و سەرچاوەكانی ترەوە زیادیكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، تا دوای جەژنی قوربان دابەش كردنی مووچەی مانگی تەموز دەستپێناكات و ئەگەریش زۆرە بەهەمان شێوازی مانگی ئایار و حوزەیران، پڕۆسەكە بەم شێوەیەی ئێستا بەخاوی بەڕێوە بچێت.