جەنگی كراوەی میلیشیاكان دژی ئەمریكا دەستیپێكرد

ڕاپۆرت 07/07/2021

هەرێمی كوردستان یەكێكە لە مەیدانەكانی جەنگی میلیشیاكانی ئێران و ئەمریكا 
چاودێر: 

جەنگی كراوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە دژی ئەمریكا دەستیپێكرد لە دوو بەشی كوردستان و عێراق، جەنگێك كە دوای هێرشە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری سووریا، فەرماندەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی بەرپاكردنیان كرد لە دژی ئەمریكا لە سەرانسەری ناوچەكە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانیان بە چڕی بۆ سەر  هێزەكانی ئەمریكا دەستپێكردووە.

ئەمڕۆ بە فڕۆكەی درۆن هێرشكرایەسەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبار كە بنكەی سەرەكی هێزەكانی ئەمریكای لێیە.

بەپێی زانیارییەكان لەو هێرشەدا لە ریزەكانی سوپای عێراق لەوێ قوربانی هەیە، ئەمەش دووهەم هێرشە لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد.

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ هێرشێكی دیكە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژئاوای كوردستان كە بنكەی سەرەكی هێزەكانی ئەمریكایە لە سووریا، ئەمە سێهەم هێرشە لە ماوەی تەنها هەفتەیەكدا بۆ سەر ئەو بنكەیە.

شەوی رابردووش هێرشێكی دیكە بە فڕۆكەی درۆن كرایەسەر هێزەكانی ئەمریكا لەنێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام هیچ زیانی نەبوو.

رۆژێك پێشتر هێرشێكی دیكەی هاوشێوە كرایەسەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدای پایتەختی عێراق.

لایەنی ئەمریكایی هیچ هەڵوێستێكی لەبەرامبەر ئەم زنجیرە هێرشانە نەداوە، تەنها گوتویانە زانیارییان هەیە، هیچ زیانی ماڵی و مرۆیی نەبووە.

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی مامەڵە نەرمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆ بایدن بە پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوو لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەكانی، هانی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانی داوە تووندتر بەرەنگاری بەرژەوەندییەكانی ببنەوە لە ناوچەكەدا.

خواستە ئاشكراكانی ئەمریكا بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لەبەرژەوەندیی رێكخراوە تیرۆرستی و توندڕۆكان و گرتنەوەی بەشێكی زۆری خاكی ئەفغانستان ئەو هەنگاوانەن كە وورەی زۆرتری بە میلیشیا شیعەكان بەخشیوە بۆ چڕكردنەوەی جەنگ دژی ئەمریكا.

ئەمریكا دوای 20 ساڵ لە جەنگی ئەفغانستان خاكی ئەم وڵاتەی چۆڵكردو ئێستا 90%ی هێزەكانی كشاندووەتەوە و لە كۆتایی مانگی داهاتوو تەواوی هێزەكانی دەكشێنێتەوە.

بنكەی ئاسمانی باگرام لە ئەفغانستان لە نیوە شەوێكدا چۆڵكرا، تەنانەن فەرماندەی هێزە ئەفغانییەكان لە بنكەكە ئاگادارنەكرایەوە بەپێی هەواڵی بی بی سی، بۆیە هێزە تیرۆرست و توندڕۆكان وزەی باشیان بۆ هات و توانیویانە بەشێكی زۆری خاكی ئەفغانستان بگرنەوە، چاوەڕێدەكرێت بەمنزیكانە حكومەتی كابوڵ بڕووخێت و پایتەخت دووبارە بكەوێتەوە دەستی تیرۆرستەكان.

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی كورد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: پێویستە كورد مشووری خۆی بخوات هاوسەنگییەك لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە نمونەی ئێران و توركیادا رابگرێت، پشت بە هێزەكانی ئەمریكا نەبەستێت، چونكە ئەوان بەرگریی لە خۆشیان ناكەن، كە بنكەیان هێناوەتە نێو فڕۆكەخانەی هەولێرەوە.

بە رای شرۆڤەكارانی سیاسی، ستراتیژی ئیدارەی نوێی ئەمریكا ململانێ نەبڕاوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، بەڵكو ستراتیژی خۆ تەرخانكردنە بۆ مەترسییەكانی چین و روسیا لە داهاتوودا كە مەترسی جدییان بۆ سەر ئەمریكا درووستكردووە.