خوێندنەوەو پێشبینییەكانی مەلا بەختیار هاتنەدی

ڕاپۆرت 04/07/2021


چاودێر-پاڵە ئاراس:
"لەدووڕیانی سازان‌و ترازان، سەرەتاتكێ دەكەین! دووڕیانێك، ئەگەر رێگەی سازان بگرینەبەر، دەتوانین بەرگەی ئەگەرە مەترسیدارە چاوەڕوانكراوەكان بگرین‌و، هەندێكیان تێكبشكێنین.. ئەگەریش بەم ترازاوییە بمێنینەوە، بێگومان پێویست بەهیچ پیلانگێڕێك ناكات، ئێمە خۆی لەخۆیدا ئێستا یەكتر دەخۆین..!".
ڕۆژی (13/7/2016)‌و بەو پێشەكییەی سەرەوە، مەلا بەختیار، بابەتی كۆڕی (سازان یان ترازان)ی لەزانكۆی سلێمانی پێشكەشكرد، كە خوێندنەوەی ئەوكاتی دۆخی ناوخۆیی‌و لێكدانەوەی هەلومەرجی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی‌و پێشهات ‌و ئەگەرە نوێیەكان بوو. 
ئەمڕۆش دوای پێنج ساڵ لەو زەنگی پڕ مەترسییە، خوێندنەوەو پێشبینییەكانی مەلا بەختیار، زۆرتر هاتونەتەدی‌و یەكەمین دیپلۆماتكاری نەتەوە یەكگرتووەكانیش كە بەئاشكراو بەڕوونی، پەردەی لەسەر هەمان ئەو مەترسییانە لاداو خوێندنەوەكانی مەلا بەختیاری بەدروستی سەلماند، خاتوو (بلاسخارت) بوو، كە رۆژی (15/9/2021) لەكۆنفرانسی (یەكڕیزی ‌و دەستور) رایگەیاند: (ئەگەر كێشەكانتان چارەسەر نەكەن، وانەزانن ئەم دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەتان تاسەر دەمێنێ)‌..
ئەوكات، مەلا بەختیار بەو لێكدانەوەیەی كە (حكومەتەكانی ناوچەكە خەریكن كێشەكانی خۆیان چارەسەر دەكەن!) شرۆڤەی هەمان ئەو مەترسییانەی كردو لێكیدایەوە، كە چارەسەری كێشەكان، واتا: رێككەوتنی دەوڵەتانی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی‌، بە بەڵگەی مێژوویش سەلماندی هەر چەشنە رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی، لەسەر ئەستۆی نەتەوەكەمان‌و ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەبێت! 
بۆ ئەو مەبەستەش، جموجۆڵە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عیراقی وەك نمونەیەكی بەرجەستە خستەڕوو، كە: عیراق بەهەموو هێزییەوە، هەوڵدەدات ئەم قەوارە فیدراڵییەی كوردستان لەقاڵبدات‌و لەبەرامبەریشیدا، مەركەزییەت بۆ عیراق بگەڕێندرێتەوەو سەرقاپی سیستمی فیدراڵی عیراقیش بۆ هەمیشە بنێتەوە..!
تەنانەت رایگەیاند: دوای رزگاركردنی موسڵ‌و رزگاركردنی گەیارە، دەبینین باڵانسی سیاسی، چۆنیەتی مامەڵەی حكومەتی عیراقی‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوچەكە، لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكان، چۆن چۆنی هاوكێشەكانی گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا دێت‌و جەختیكردەوە: ئەوەی لەمەوبەر لەناو عیراقدا بۆ گفتوگۆ بۆمان دەلوا، لەمەودوا بۆمان نالوێ..!
مەلا بەختیار، هەر ئەوكات نەگۆڕین‌و مانەوەی حكومەتەكانی ناوچەكە‌و نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێكی دیموكراسی، بە بەڵگەی ئەوە هێنایەوە كە ئەو حكومەتانە بەپشتیوانی زلهێزەكانی دنیا، وردە وردە سیناریۆی نوێی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمایەتی‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژن‌و تەنانەت لەپشتی پەردەشەوە خەریكن رێكدەكەون، كە چۆن ئاسایشی نێونەتەوەیی، بازاڕ، نرخی نەوت، رێڕەوە ئاویی‌و وشكانییەكانی ئەم وڵاتانە پارێزراو بكەن.
هەر لەكۆڕەكەدا جەختیكردەوە: ئەم كۆڕە بۆ ئەوەیە، كە بە پەرۆشییەوە زەنگێك لێبدەین بەئومێدی ئەوەی حزبە سیاسییەكان تێكڕا، ئەوەندەی دۆستمان هەیە لەم دنیاو لەم دەوروبەرە، سەرلەنوێ بتوانین سیاسەتی خۆمان دابڕێژینەوە‌و پەرۆشتر بەدوای دەستەبەری ئاییندەی رووداوەكاندا بگەڕێین.
ئەمە لەكاتێكدا، پێشتریش لەڕۆژی (25/10/2015)، مەلا بەختیار، لەهەمان روانگەوەو لەدرێژەی خوێندنەوەو تێڕوانینەكانیدا بۆ ئاییندەی كوردستان‌و ناوچەكە، لەكۆڕێكی كراوەدا بەناوی (هەلومەرجی كوردستان‌و ناوچەكە، سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و شەڕی داعش، ئەگەرو پێشهاتەكان) لە بەرلینی ئەڵمانیا، رایگەیاند بوو كە (دەبێ بەپشوو درێژیی‌و دیالۆگ‌و خوێندنەوە بۆ یەكتری، چارەسەری كێشەكانمان بكەین‌و بوار نەدەین بەهیچ كەس‌و لایەنێك، ڕەوشەكە بەئاقارێكی خراپدا بەرێ‌و ئەزمونە تاڵەكان دووبارە بكاتەوە).. هاوكات لەپێناو داڕشتنەوەی ستراتیجی ناوخۆیی كوردستان‌و وەكو زەرورەتێكی مێژوویش، مەلا بەختیار، پێداگیری لەسەر ئەوەشكرد، كە:
"دەبێت دیسانەوە ستراتیج‌و سیاسەتی خۆمان، پەیوەندییەكانی هەرێمایەتی‌و دەرەوەی خۆمان، پەیوەندییە ناوخۆییەكانی خۆمان، دابڕێژینەوە".. ئەم روانگەیەشی لەو شرۆڤەیەوە خستەڕوو، كە بەهاری عەرەبی تەواو، هیوای روخانی حكومەتەكان تەواو، بەرژەوەندیی‌و سیاسەتی ئێستای نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمایەتی، بە ئاشكراو نهێنی، ئەوەی رێككەوتوون رێككەوتن، ئەوی تریشی بەرەو رێككەوتن دەڕوات..!
كەچی هێزو پارتە سیاسییەكانی كوردستان هێشتا كەمتەرخەمن، بەبێئەوەی هیچ لایەك پێداچوونەوەی بەسیاسەتی خۆیدا كردبێت‌و مەترسییەكانیان وەك خۆی لەبەرچاو گرتبێت، تا سەرەنجام، هەندێك لەبڕیارە هەڵەكانیان راست بكەنەوە‌و سەرلەنوێ سیاسەتی راستتر دابڕێژنەوە. بۆ ئەمەش مەلا بەختیار، بەڕوونی ددان بەوەدا دەنێت، كە:
"وابمێنینەوە، بەدڵنیاییەوە، نەك حكومەتە نەیارەكانی ئێستا، كە خوا خوایانە وابمێنینەوە، دوای ئەوەی كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان دوا سیناریۆی چارەسەری كێشەكانی ئەم حكومەتانەو، پەیوەندی ئەم حكومەتانەو، دەوڵەتە گەورەكان كۆتایی پێدەهێنن، باش باش دڵنیابین، هەر ئەو حكومەتانە، یەك بستمان بە قەرز نادەنێ..! هەروەكو چۆن لەمێژوودا بستێكیان بە قەرز نەداوینەتێ‌‌و حكومەتە دۆستەكانی ئێستاشمان، لەوە زیاترمان بۆ ناكەن كە ئێستا بۆیان كردوین، بۆیە شەڕی مان‌و نەمان لەسەر ئێمە ناكرێ..!".
مەلا بەختیار، هەر لەكۆڕی سازان یان ترازان، دۆخ‌و هەلومەرجی هەریەك لەبەشەكانی تری كوردستانیشی لێكدایەوەو تیایدا، لەبارەی رۆژئاوای كوردستان وتی:
تائێستا لەنێوان پەیەدەو هەندێك هێزە رادیكاڵەكانی رۆژهەڵات، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا هیچ جۆرە رێككەوتنێك‌و دەستەبەرێك نییە‌و لەكۆنگرەی جنێفیش، تائێستا مافی كورد دەستەبەر نەكراوە‌و بەم سیاسەتەی ئێستای حكومەتی سوریا، بەم ئەقڵیەتەی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی سوریا، رۆژئاوای كوردستان لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان مەترسی زیاتری لەسەرە..! لەبارەی باكوری كوردستانیش، رایگەیاند:
لەدوای سیناریۆكانی نێوان رۆژئاواو وڵاتانی هەرێمایەتی، چ رۆژئاوا و چ باكوریش حاڵیان خراپتر دەبێت‌و توركیاش لەخۆی رادەبینێت خراپتری بكات، بێگومان هەمووشمان دەزانین بەداخەوە كە تائێستا پەكەكە، لەلایەن هیچ هێزێكی دنیاوە دانیپێدا نەنراوە وەك هێزێكی ئازادیخواز.
مەلا بەختیار، بەشێكی تری كۆڕەكەی تەرخانكردبوو بۆ خوێندنەوەی دۆخی باشوری كوردستان‌و لێكدانەوەی ئەگەرەكان‌و وتی: 
چەند ساڵ تێپەڕیوە بەسەر روخانی سەددام، چەند ساڵ تێپەڕی لەسەر نوسینی دەستور، چەند ساڵ تێپەڕی بەسەر وادەی جێبەجێكردنی ماددەی (140)، تائێستا شارۆچكەیەكی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستانمان بەرەسمی نەهێناوەتەوە سەر كوردستان‌و جەختیكردەوە: 
لەئاییندەشدا حكومەتی عیراق بیانومان پێدەگرێت، ئەو شەڕەمان هەر لەگەڵ دەكات، ئەوە شەڕێكی چاوەڕوانكراوی ئاییندەمانە! چونكە ساڵانی جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوری تێپەڕیون‌و جێبەجێی ناكەن، ئێمەش دانیشتوین‌و ناكۆكییەكانی نێوان خۆمان قوڵ كردووەتەوە، لەسەر ئەوەی ئاسایش هی كاممانە، پۆلیس هی كاممانە، قائیمقام هی كاممانە،  لەم شار لەو شار لەسەر پۆلیسێك هەڵدەدەین، بەڵام لەسەر چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان هەڵنادەینێ‌‌و دوا بڕیاری لەسەر نادەین! 
تەنانەت مەلا بەختیار، مەترسییەكانی رونتر كردەوەو رایگەیاند:
بەدڵنیاییەوە، بارودۆخەكە بەرەو ئەوە بڕوات دەوڵەتانی هەرێمایەتی لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوا رێكبكەون، دڵنیابین، كەركوك، خانەقین، شنگال‌و ئەو ناوچانە بەگشتی، بەئاسانی بەئێمە یەكلایی ناكرێتەوە بێتەوە سەر كوردستان، سوپا‌و دەوڵەتی عیراق، كە خۆیان گرت ئەم دەوڵەتەی ئێستا نابێت! دەوڵەتی ساڵانی رابردووش نابێت لەبەرامبەر ئێمەدا، هاوكێشەكانیش لەبەرامبەرماندا بەوجۆرە نامێنێتەوە كە هەیە.
لەبارەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە:
هێزە كوردستانییەكان (32 بۆ 33) ساڵ دەچێت لەنێوانی خۆیان لەسەر یەك خاڵی سیاسی رێكنەكەوتوون؟ رێككەوتنێك كە ئومێدێك بدات، (30) ساڵە دانیشتوون‌و گفتوگۆ دەكەن، ناتوانن سەنگەرێكی سیاسی دروستبكەن وەڵامی مێژوو چۆن بدرێتەوە؟ ئەگەر وابێ، بۆ گلەیی لە شێخ مەحمود، لە شێخ سەعیدی پیران ‌و بۆ گلەییمان لە سمكۆ كرد؟ بۆ رەخنە لە قازی محمەد دەگرین؟ بۆ رەخنە لە راپەڕینەكانی بارزانی دەگرین؟ 
مەلا بەختیار، لەبەرامبەر هەموو ئەو مەترسییانەی سەرەتاتكێمان لەگەڵ دەكەن ‌و ئەگەرەكانی ئەگەر رووبدەن دۆخی ئێستامان وەك خۆیان ناهێڵنەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە: مێژوو تەنها كەمال ئەتاتورك تاوانبار ناكات كە سیڤەری لەژێر فشار، یان حكومەتی پاشایەتی عیراق لەژێر فشار سیڤەریان گۆڕی بە لۆزان، خۆشمان تاوانبارین، سەركردەو سەردارەكانی خۆمان لەمێژوودا نەیانتوانی هەلەكە باش بقۆزنەوە! ئێستاش ئێمە حزبی سیاسین، چەپین، راستین، ناوەراستین، جۆرەها ئەزمونمان هەیە، سەركردەی دیارمان هەیە، رابەری دیارمان هەیە، حكومەتمان هەیە، (30 بۆ 40) ساڵ خەباتی چەكداری، (50) ساڵ زیاتر خەباتی سیاسیمان هەیە، هەموو ئەزمونەكانی مێژوومان لەبەرچاوە، شكستمان خواردوە، جۆرەها دەرسمان لەشكستەكان بۆ ماوەتەوە، بەڵام یەك سودمان لەیەك شكست وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی ئەم كێشە سیاسیانەی هەناوی حزبە سیاسیەكان لەبەشەكانی كوردستان چارەسەر بكەین، لەكاتێكدا دەبنین وا حكومەتەكان كێشەكانی خۆیان چارەسەر دەكەن.
ئەم شرۆڤەو لێكدانەوانەی مەلا بەختیار، وەك سەركردەیەكی سیاسی بەئەزمونی كوردستان، بەئاشكراو بەئامادەبوونی سەركردەو كادرانی هێزو لایەنە سیاسییەكان پێنج ساڵ لەمەوبەر، خستنییەڕوو، ئەوەتا دەشبینین كە ئەو خوێندنەوانە رۆژ لەدوای رۆژ، سیمایان رونتر دەردەكەوێت‌و مەترسییەكانیش زۆرتر لێمان نزیك دەبنەوە، كەچی هێشتا،  
رێككەوتنی حكومەتەكانی هەرێمایەتی بەئاسانی وەری دەگرین‌و، بەراگوزەر سەیریان دەكەین، دەستخەڕۆی دروشم و موزایەدای مێدیا‌و سۆشیال مێدیاین! بەڵام بەداخەوە هێشتا تێنەگەیشتووین، كاتێك دەوڵەتە گەورەكان، دەگەنە دوا سیناریۆی نێوان خۆیان‌و، لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمایەتی‌و دەوروبەرمان رێكدەكەون، ئەوا دەبێ‌ بزانین، هیچ هێزێك نییە بتوانێت بڕیارە نێودەوڵەتییەكان بگۆڕێت..! 
هەروەكو مەلا بەختیار، خۆی دەڵێت: لەمێژوودا هەر رێككەوتنێك كرابێت، لۆزان كرا‌و سەپاندیان، سەعد ئاباد، پەیمانی بەغدا، رێككەوتنی جەزائیر‌و پێش ئەویش ئەرزروم، پێشتریش رێككەوتنی زەهاو، هەموو ئەمانە كران‌و چوونە سەرو سەپاندیشیان..!
بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە‌و مەترسییەكان‌و ئەگەرەكانیش كە بەڕێوەن، مەلا بەختیار، جەختدەكاتەوە: 
بۆ رەهەندی ستراتیژی، بۆ ئەگەرە مەترسیدارە چاوەڕوان نەكراو و چاوەڕوانەكراوەكانمان،  ئەم جۆرە سیاسەتەی تائێستا گیراوەتەبەر دادمان نادات، دەبێت رابچەڵەكێین، وردتر، هەمە لایەنە تر، بیر لەچارەسەر بكەینەوە.