گۆڕان لە هەولێر بەرەو توانەوە دەچێت

ڕاپۆرت 28/06/2021

 
چاودێر: 

تادێت ناڕەزایەتییەكان لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان زیاد دەبن، رۆژانە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكە بە پلە جۆراوجۆرانییەكانیەوە واز لە حیزبەكەیان دەهێنن، ئەمەش بەهۆی ناڕازیبوونیان لە سیاسەتی ئێستا ئەم حیزبە.

لە دوو رۆژی رابردوودا 120 هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان وازهێنانیان لە حیزبەكەیان راگەیاند لە راگەیاندراوێكدا، هۆكاری بڕیارەكەشیان گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی سیاسەتی بنەڕەتی گۆڕان.

ئەو هەڵسوڕاوانە نیگەرانی سەرەكیشیان لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانە كە ماوەیەكە دەستیپێكردووە و بووە بە هۆكارێكی دیكەی ناڕەزایەتی لەنێو حیزبەكەدا.

لەوبارەیەوە ئەو هەڵسوڕاوانە گوتویانە كە هەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان هەموو رۆژێك بەڕێوەناچن، بەڵكو هەر رۆژە شوێن و ناوچەیەك بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی سەركردایەتی گۆڕان كە خوازیاری دەرچوواندنی ئەو كەسانەن كە لە نزیكی خۆیانن. 
هەرچەندە ئەم ژمارە هەڵسووڕاوە نیگەرانی خۆیان راگەیاندووە لەسەر هەڵبژاردنە نێوخۆییەكان و هێندێك هۆكاری دیكە، بەڵام پێشتریش بە سەدان هەڵسووڕاوی دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و ناوچەكانی دیكەش لە بزووتنەوەی گۆڕان دووركەوتوونەتەوە.

یەكێك لە ئەو خاڵانەی كە بوونە هۆی نیگەرانی و توڕەیی هەڵسوڕاوان و لایەنگران  و جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان بریتییە لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری پێشوو و رەخنە لەوەی گۆڕان لە سیاسەتی رەسەن و راستی خۆی لای داوە كە لەسەری درووستووە، بەڵكو دەستەی رێبەری ئێستای گۆڕان كار دەكەن بۆ پەیداكردنی پلە و پۆست بۆ هێندێك كەسوكاری خۆیان، دەستەیەك سوودمەندن.

هۆكاری دیكەش هەن كە بنكەی جەماوەریی و رێكخراوەیی گۆڕان لە حیزبەكەیان بێ هیوا ببن، ئەوانیش لاوازبوونی گۆڕان و ناكۆكییە نێوخۆییەكان بە جۆرێك كە پێشتر خۆی وەك ئاڵاهەڵگری ئۆپۆزسیۆن و جێگرەوەی فەرمانڕەواكان دەزانی، كەچی ئێستا خۆی بووە بەشێك لە ئەو سیستمەی دەسەڵات كە پێشتر داوای گۆڕینی دەكرد، بەرپرسەكانی لە هەمان ئەو دامودەزگایانە دەوام دەكەن كە پێشتر بە گەندەڵ ناویان دەبردن، بەرپرسەكانی بە هەمان سیستم و میكانیزم مووچە وەردەگرن كە پێشتر دەیانگوت نادادپەروەرییە، خاوەنی بەرژەوەندیی دارایین لە پاڵی حیزبە فەرمانڕەواكاندا كە پێشتر بەردەوام رەخنەیان لێ دەگرت، ئەمانەش بۆ بەرژەوەندیی دەستەیەكی بچووكی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو كەسانەی نزیكی خۆیانە كە بەرژەوەندییان هەیە، بۆیە بنكەی جەماوەریی و رێكخراوەیی گۆڕان زۆر تووڕەیە.

چاودێران پێشبینیی لاوازبوونی زیاتری بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن بە هۆی ئەو سیاسەتانەی ئێستا سەركردەكانی گرتوویانەتەبەر، هیچ ئاسۆیەك بۆ بەهێزبوونەوەی ئەم حیزبە لە ئارا نییە.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر رێكخستنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەرەوتوانەوە چوون، زۆرینەی جەماوەری دەنگدەر و لایەنگر و كادر و هەڵسوڕاوانی گۆڕان متمانەیان بە بزووتنەوەی گۆڕان نەماوە، چاوەڕێدەكرێت لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی زۆر كەم بهێنێت.
بەشێك لە سەركردە و هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە هەولێر نیگەرانی ئەوەشن كە لە هیچدا پرسیان پێ ناكرێت، گۆڕان بووەتە حزبی سلێمانی، تەنها لە سلێمانی بڕیار دەدرێت.