حەشدى شەعبی كازمیی و سوپا بنكۆڵ دەكات

ڕاپۆرت 23/06/2021

حەشدی شەعبی دەیەوێت بە نمایشێكی سەربازی بەغدا و كازمی بهەژێنێت

چاودێر: 

هێزەكانی حەشدی شەعبیی ماوەی دوو حەفتەیە هەوڵی سازكردنی نمایشێكی سەربازیی فەڕمیی دەدەن لە بەغدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنیەوە.

موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانیكردووە بە رێگرتن لە سازكردنی ئەم نمایشە سەربازییە لە بەغدا كە ژمارەیان دەگاتە 20 هەزار چەكدار و چەكی گران و تانك و زرێپۆش لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنیانەوە لە هاوینی 2014.

كازمی رەتیكردووەتەوە رێگا بدات بە سازكردنی نمایشی سەربازیی لە یادی حەشدی شەعبیدا لە رۆژی 23ی حوزەیران، چەند سەرچاوەیەكیش لە حەشدی شەعبی گوتیان نمایشەكە دواخراوە بۆ كۆتایی ئەم مانگە لە پێناو فراوانكردنیدا.

بە بڕوای كازمی هەر دەركەوتنێكی دیكەی سەربازی نوێ لە بەغدا بە هەر پاساوێك دەبێتە لەمپەرێكی دیكەی ئێرانی لە پێش حكوومەتدا، بەڵام فشارێكی زۆر لە سەر كازمیی هەیە.

سەرچاوەكان دەڵێن فشارێكی زۆری ئێران لەرێگای سیاسی و سەربازییەكانەوە لەسەر كازمی هەیە بۆ رازیكردنی بە رێكخستنی نمایشە سەربازییەكە لە بەغدا، بۆیە ناكۆكییەكانی نێوان كازمی و فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی ئەبو فدك گەیشتووەتە ئاستێكی بێ پێشینە.

سەركردەكانی حەشدی شەعبی رۆژی شەممە 26ی ئەم مانگەیان بۆ سازكردنی نمایشەكەیان دیاریكردووە، بەڵام هەتا ئەم كاتە كازمی رەزامەندیی نیشان نەداوە.

چاودێران دەڵێن حەشد سوورە لەسەر نمایشە سەربازییەكەی بە ئامانجی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هاوپەیمانی فەتح بۆ هەڵبژاردنەكانی پاییزی داهاتوو كە خوازیارن بۆ چوار ساڵی دادێت شوێن و پێگەی گرینگی خۆیان لە پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو هەبێت.

ئێران متمانەی بە هادی عامری فەرمانداری میلیشیای بەدر هەیە بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی فەتح كە میلیشیاكانی تێدا كۆبووەتەوە بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی 10 ی داهاتوو.

چاودێران دەڵێن ئەستەمە كازمی سوود وەربگرێت لە ململانێیەكی نوێ لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئەوەی پشتیوانی باشیان لە دوای هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئێران كە توندڕۆیەكە بۆ هات.

لەلایەكی دیكەوە حەشدی شەعبی هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ فشاركردن و بنكۆڵكردنی سووپای عێراق.